بەرپرسانی بەندیخانەیەکی تاران هەڕەشەی کوشتنیان لە بەندکراوێکی سیاسی کورد کرد

هەنگاو: بەرزان محەمەدی لەگەڵ بەندکراوێکی دیکەی خەڵکی تاران ماوەی ٢٤ ڕۆژە دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.

١٧ خاکەلێوە ٢٧١٩، ١٣:١٨

 

هەنگاو: بەرزان محەمەدی لەگەڵ بەندکراوێکی دیکەی خەڵکی تاران ماوەی ٢٤ ڕۆژە دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرزان محەمەدی خەڵکی سەوڵاوا و علیڕەزا شیرمحەمەد لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی خراپیان لە بەندیخانەی فەشافویەی تاران، مانیان لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی فەشافویە، سەڕەڕایی تێپەربوونی ٢٤ ڕۆژ لە مانگرتنیان، ئەو دوو بەندکراوە بە هیچ کام لە داخوازیەکانیان نەگەیشتوون و لەلایەن بەپرسانیشەوە بێرێزیان بەرانبەر کراوە.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا رایگەیاند، یەکێک لە ئەفسەرانی بەندیخانە بە ناوی رەزا حەقوەردی، سەرەڕای بێرێزی بە بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوە سیاسیە وتوویەتی”ئاکامی مانگرتنی منداڵەکانتان، مردنی ئەوانە و هیچ ئاکامێکی دیکەی نابێت”.

ئەو دوو بەندکراوە ڕایانگەیاندووە کە تا گەیشتن بە داخوازییەکان لە مانگرتن بەردەوام دەبن.

بەرزان محەمەدی کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی گۆشخانە سەوڵاو، ڕۆژی هەینی (١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تارانەوە دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو رۆژی چوارشەممە (١١ی ڕەزبەری ٢٧١٨ / ٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی  دادوەر سەڵەواتی، بە هۆی بەشداری لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی مانگی گەلاوێژی تاران و چالاکی دژی نیزام حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە وە بۆ سێ سال و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە