بەشێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی دیواندەرە لە بەرپرسایەتییەکانیان دوور خرانەوە

هەنگاو: بە بیاووی بەشداری لە مانگرتنەکانی مامۆستایانی ئێران و کوردستان کە پاییزی ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوو، بەشێک لە قوتابخانەکانی دیواندەرە لەژێر

٢٤ پووشپەڕ ٢٧١٩، ٢٣:٣٨

 

هەنگاو: بە بیاووی بەشداری لە مانگرتنەکانی مامۆستایانی ئێران و کوردستان کە پاییزی ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوو، بەشێک لە قوتابخانەکانی دیواندەرە لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لە بەرپرسایەتییەکانیان دوور خرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی دیواندرە لە ژیر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بەشێک لە مامۆستایانی بانگ کردووە و هەڕەشەشی لە بەشێکی دیکەیان کردووە.

یەکێک لە مامۆستایانی دیواندەرە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بیت لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ناوەندە ئەمنییەکان بە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی دیواندەرەیان ڕاگەیاندووە کە بەشێک لەو مامۆستایانە نابیت پۆستی بەرپرسایەتی و جێگر و...یان لە قوتابخانەکان پێ بدرێت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە، هەر یەک لە جەماڵ ئەلیاسی، حەمید ئاریانا، ئەسعەد ئەولیایی و هیوا قوڕەیشی بە بیانووی بەشداری کردن لە مانگرتنەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا مافی ئەوەیان لێ وەرگیراوەتەوە لە هیچ قوتابخانەیەک بەرپرسیارێتییان هەبێت و بەشیک لە مامۆستایانیش لە مافی وانە وتنەوە بێبەش کراون.

لە کاتی مانگرتنی مامۆستایانی دیواندەرە، دوو مامۆستا بە ناوەکانی ئومید شامحەمەدی و حامید نێرکسی دەستبەسەر کران و دواجار ئومید شامحەمەدی حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا وئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە