٢٠ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئورمیە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرانەوە

هەنگاو: دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی بە مەبەستی ڕاگواستنیان بۆ بەندی نوێ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە،

٢١ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٤:٣٣

 

هەنگاو: دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی بە مەبەستی ڕاگواستنیان بۆ بەندی نوێ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، ٢٠ کەس لە بەندکراوان بە هۆی خۆبواردن بۆ چوونە بەندی نوێ، گوازراونەتەوە ژووری تاکەکەسی.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٠ی دێسامبری ٢٠٢٢)، هێزەکانی گاردی تایبەتی بەندیخانەی ئورمیە، هەڵیانکوتاوەتە سەر بەندی سیاسی و مەزهەبی و بەشێک لە بەندکراوانیان ناچار کردووە  بگوازرێنەوە بۆ بەندی نوێ کە بەندێکی ئەمنییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەشێک لە بەندکراوان لە چوون بۆ بەندی نوێ خۆیان بواردووە و  دوای دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان تێکهەڵچوون ڕووی داوە کە ٢٠ بەندکراو و لەوان، ساکار عەینی، فەرزاد سامانی، کامران قاسمی، خالید فەرەیدونی، نایب عەسکەری، حاتەم ئۆزدەمیر، کەیوان رشۆزادە، کەیهان موکەڕەم و حامید قەرەئۆغڵانی براونەتە ژوری تاکەکەسی.

بە پێی ئەو هەواڵانە کە بەدەستمان گەیشتوە، سەری کەیهان موکەڕەم بە توندی بریندار بووە و هەروەها هێزە ئەمنییەکان ئیزنییان نەداوەتە ئەو بەندکراوانەی چوونەتە بەندی نوێ کەل و پەلی تایبەتی خۆیان لەگەڵ خۆیان ببەن.

مانگی ڕابردوو ٤٦ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی ئەم بەندیخانەیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە فەرمانی بەرپرسی بەندیخانە لە سەر گواستنەوەی بەندکراوانی سیاسی بۆ بەندێکی نوێ کە بەندێکی ئەمنییە و پێداویستی کەمتری لە بەندی ئێستایان هەیە، بۆ ماوەی حەوتوویەک مانیان لە خواردن گرتبوو.

ئەو بەندە نوێیەی کە بڕیارە بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی هەتا سەرەتای ٢٠٢٢ بۆ ئەوێ بگوازرێنەوە بە تەواوەتی ئەمنییە و پەیوەندی بەندکراوانی سیاسی لەگەڵ بەندکراوانی بەندەکانی دیکە بە تەواوەتی دەپچڕێ و پیداویستی کەمتری هەیە و چووکەتریشە.

ئەو بەندە دوو نۆهەمە  کە نۆهەمی یەکەم بۆ بەندکرانی سیاسی و مەزهەبی و نۆهەمی دووهەم بۆ بەندکراوانی دادگای سەربازی تەرخان کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە