۱۴ بەندکراوی سیاسی و ئایینی لە بەندیخانەی ئورمیە مانیان لە خواردن گرت

هەنگاو: ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسی و ئایینی لە بەندیخانەی ئورمیە، بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە جێبەجێ نەکرانی یاسای داشکانی سزای بەن

١٩ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٢:١٤

 

هەنگاو: ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسی و ئایینی لە بەندیخانەی ئورمیە، بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە جێبەجێ نەکرانی یاسای داشکانی سزای بەندکران لەم بەندیخانەیە، مانگرتنی وشک لە خواردنیان دەست پێ کرد.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٩ی دێسامبەری ٢٠٢٠)، چاردە کەس لە بەندکراوانی سیاسی و ئایینی لە بەندی ساسییەکانی بەندیخانەی ئورمیە، بە ڕاگەیاندنی مانگرتنی وشک لە خواردن، داوایان کرد یاسای داشکانی سزای بەندکران لەو بەندیخانەیەش جێبەجێ بکرێ.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیەوە ناوی ئەم چاردە بەندکراوە بریتییە لە: دارا ڕەشیدی، ئاران تیباش، موحیسن مەحاڵی، خەسرەو زەرستان، بێهزاد عەباسی، سەید ئارام ئەمین ئیسلامزادە، فاڕووق لەواشەکی، جەواد یۆسفی، محەمەد حەسەنپوور، ئیرەج سۆفی، حسێن عوسمانی، ئیبراهیم خەلیل سەدیق هەمەدان، سالار خەلیل سەدیق هەمەدانی و تەوفیق عەبدوڵڵاهی.

بە گوێرەی مادەی ٧ی یاسای داشکاندنی ماوەی بەندکران، "لەو تاوانانەی لە دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکیی وڵاتن، لە ئەگەری هاوکاریی کاریگەری تاوانبار لە ئاشکراکردنی تاوان و ناساندنی تاوانبارانی دیکە، هەڵپەساردنی بەشێک لە سزاکەیان، ڕێگەی پێ دراوە".

ئەم یاسایە جگە لە بەندی سیاسییەکانی بەندیخانەی ئورمیە، لە سەرجەم بەندیخانەکانی دیکەی ئێران جێبەجێ کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە