٤٣ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە بەندیخانەی ئورمیە مانیان لە خواردن گرت

٤٣ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە بەندیخانەی ئورمیە مانیان لە خواردن گرت

15:22 - 22 September 2021

 

هەنگاو: هەموو بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی کە لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە ڕاگیراون بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بەرێنەکردنی بەندکراوانی نەخۆش بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، مانیان لە خواردن گرتووە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ٤٣ بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی کە لە بەندی ١٠ی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢١) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەوەیکە رێگری دەکرێت لە گواستنەوەی بەندکراوە نەخۆشەکان بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، مانیان گرتووە و بە نووسینی نامەیەک بۆ بەرپرسی بەندیخانە، ڕایانگەیاندووە تا کاتێک  داواکارییەکەیان جێبەجێ نەبێت لە مانگرتن بەردەوام دەبن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئێستا ١٢ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە بەندی ١٠ی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە (بەندی سیاسی) ڕاگیراون کە سەڕەڕایی ئەوەیکە پزیشک و بێهداری بەندیخانە ڕایگەیاندووە بۆ درێژەی دەرمان دەبێ بچنە دەرەوەی بەندیخانە، تا ئێستا بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنیان بە گواستنەوەی ئەو بەندکراوانە بۆ دەرەوە و درێژەدان بە دەرمان نەداوە و لە نێو بەندیخانە ڕاگیراون.

ناسنامەی ئەم ١٢ بەندکراوە دارا ڕەشیدی، ئەنوەر چالشی، کامیل سەیدانی مەسکەن، نایب عەسکەری، نایب حاجی‌زادە، ئەحمەد تەموویی، سیروان ئەمینی، موختار ئیبراهیمی، محەممەد هوشەنگی، حاتەم ئەزدمیر، شاکر بێهروزی و تاهیر حوسێن زاده ڕاگەیەندراوە.