بەندکراوێکی بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کرۆنا گیانی لە دەست دا

هەنگاو: بەندکراوێکی بەندیخانەی ئورمیە کە گومانی ئەوەی لێدەکرا توووشی پەتای کرۆنا بووبێت، گیانی لە دەست دا و دووهەمین بەندکراوی ئەو بەندیخانەیەش بۆ

٩ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٠:٢٧

 

هەنگاو: بەندکراوێکی بەندیخانەی ئورمیە کە گومانی ئەوەی لێدەکرا توووشی پەتای کرۆنا بووبێت، گیانی لە دەست دا و دووهەمین بەندکراوی ئەو بەندیخانەیەش بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەندکراوێکی بەندیخانەی ئورمیە بە ناوی ”فەریق محەمەدی“ تەمەن ٤٧ ساڵ کە گومانی ئەوەی لێدەکرا تووشی پەتای کرۆنا بووبێت، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو باری تەندروستی ناجێگیر بوو  و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە، گیانی لە دەست دا.

یەکێک بە بەندکراوانی بەندیخانەی ئورمیە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، فەریق محەمەدی هەموو نیشانەکانی تووشبوونی بەو پەتایەی هەبووە و کادری دەرمانی بە جلی تایبەتەوە بە خێرایی بۆ دەرەوەی بەندیخانە گواستوویانەتەوە.

فەریق محەمەدی خەڵکی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ و دانیشتووی ئورمیە بووە و لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە  بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان حوکمی ٢٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و ماوەی ٦ ساڵ بوو کە لە بەندی ڕەوان دەرمانی بەندیخانە ڕاگیرابوو.

لەلایەکی دیکەوە، شەوی ڕابردوو دووهەمین حاڵەتی گوماناوی کە بەندکراوێکی دیکەی بەندی ١٤ی بەندیخانەی ئورمیە بووە، لە کەشێکی تەواو ئەمنی دا بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی ئورمیە گوازراوەتەوە.

هەنگاو شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە بەندکراوێکی بەندی ١٤ بە ناوی ”ڕەشید“ کە گومانی توشبوون بە پەتای کرۆنای لەسەر بووە، بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە.

یەکێک لە بەندکراوەکان لەو پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٩ی ڕەشەممەوە هەموو هاتووچۆکانی بەندیخانە ڕاگیراوە و شوێنی وەرزش کردن، کتێبخانە و پۆلەکانی فێرکاری بەندیخانە هەموویان داخراون.

ئەو بەندکراوە لە درێژەدا وتی کە هەموو چاوپێکەوتنەکانی بەندکراوان لەگەڵ کەس و کاریان ڕاگیراوە و تەنانەت ئیزن نادەن کە بەندکراوان پیاسەش بکەن و هەموو لە سەر تەختەکانیان دانیشتوون.

 

 

 

 

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە