بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی شنۆ حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپێندرا

هەنگاو: مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی کورد کە لەبەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندا.

١ ڕەزبەر ٢٧١٨، ١٦:٠٨

 

هەنگاو: مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی کورد کە لەبەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە، بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەر  مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی ئاڵکاوێی شنۆ سەپاند.

دانیشتنی دادگایی ناوبراو ڕۆژی دووشەممە (٢٩ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ٢٠ی ئاگۆستی ٢٠١٨) بەڕێوە چووە و ئەمڕۆ یەکشەممە یەکی ڕەزبەری ٢٧١٨ (٢٣ی سیپتامبری ٢٠١٨) بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەنکراوە کوردە لە هەبوونی مافی پارێزەر بێ بەش بووە.

ئەو بەندکراوە کوردە ڕۆژی شەممە (١٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ی کوردی / ٤ی نوانبری ٢٠١٧) لەکاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بوو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە پایگای بێمزورتێ کرایە ئامانج و دوای ئەوەی لاقی بە سەختی بریندار بوو، دەستبەسەر کرا و لەوکاتەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندار و خەڵکی گوندی ئالکاوێی شنۆ، ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی (٢٧٠٠ی کوردی) بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەل حیزبی دێموکرات دەستبەسەر و ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.

برایەکی دیکەی مەحیەدین بەناوی نورەدین بانەمەڕی ٢٧١٧ی کوردی لەکاتی کۆڵبەری و بەتەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرابوو.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە