بەندکراوێکی سیاسی لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان زێدی خۆی بەجێهشت

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی کرماشان کە ساڵی ڕابردوو پاش شەش ساڵ بەندکران، لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ئێرانی بەجێهێشت.

٢٤ بەفرانبار ٢٧١٩، ١٦:٤٥

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی کرماشان کە ساڵی ڕابردوو پاش شەش ساڵ بەندکران، لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ئێرانی بەجێهێشت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەحەد بابایی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کرماشان بە هۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان ناچار بووە کە زێدی خۆی بەجێبهێڵیت. یەکێک لە نزیکانی بابایی لەوبارەوە ڕایگەیاند کە ناوبراو لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ و لێپرسینەوەی لێکراوە.

ئەحەد بابایی، ساڵی ٢٧١٢ (٢٠١٢) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی پەیوەندی و ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا. ئەو حوکمە دواتر لە داگای پێداچوونەوە بۆ ١٠ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

ناونراو دواجار مانگی ڕەشەممەی ساڵ ڕابردوو و دوای تێپەڕاندنی ٦ ساڵ لە ماوەی حوکمەکەی، ئازاد کرا.

ئەحەد بابایی لە ماوەی ئەو ٦ ساڵەی کە لە بەندیخانە ڕاگیرابوو، لە مافی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی لە دەرەوەی بەندیخانە بێبەش کرابوو و  بە هۆی نالەباربوونی شوێنی ڕاگیرانی تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر وەکوو نەخۆشییەکانی دڵ و سی ببوو.

جێگای ئاماژەیە کە هەواڵی دەستەبسەر کران و سەپاندنی حوکم بە سەر ئەحەد بابایی میدایی نەکرابوویەوە و هەنگاو وەکوو یەکەم سەرچاوە لە شەشەمین ساڵی بەندکرانی ناوبراو هەواڵەکەی میدایی کردەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە