بەندکراوێکی سیاسی پێشوو بە هۆی ئەشکەنجەوە گیانی لە دەست دا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ کە یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی پێشووش بووە، دوای دەستبەسەر کران و گواستنەوە بۆ ئیدارەی ئاگاهی خۆی، لە ژێر.

١٧ جۆزەردان ٢٧١٨، ١١:١٤

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ کە یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی پێشووش بووە، دوای دەستبەسەر کران و گواستنەوە بۆ ئیدارەی ئاگاهی خۆی، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، هاووڵاتییەکی خەڵکی شارۆچکەی نەڵۆس سەر بە شاری شنۆ، ڕۆژی شەممە (١٢ی جۆزەردانی ٢٧١٨ / ٢ی ژوئەنی ٢٠١٨) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و دوای ئەوەی بۆ ئیدارەی ئاگاهی شاری خۆی گوازرایەوە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری “هەنگاو” ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوردەی “ ڕەحمان قوربانی”  کوڕی ڕەمەزان و خەڵکی نەڵۆس ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رەحمان بە هۆی لێدانی شۆکی کارەبایی لە کاتی ئەشکەنجە کراندا دڵی ڕاوەستاوە.

تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە کە پێشتریش ١٤ ساڵ بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لە بەندیخانەکانی شنۆ و ئورمیە ڕاگیراوە، دوای ٣ ڕؤژ ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و ڕۆژی جوارشەممە (١٦ی جۆزەردان / ٦ی ژوئەن) لە زێدی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی قوربانی، ئیدارەی ئەماکنی شنۆ لە ڕیگای یەکێک لە دەست و پەیوەندییەکانی خۆیەوە کەیسێکیان بۆ ڕەحمان کردووەتەوە و تۆمەتی بڵاو کردنەوەی پارەی ساختەیان خستوەتە پاڵی.

ئەو سەرچاوەیە کە لەبە رهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت هەر چەشنە پەیوەندی ڕەحمانی بەو کەیسەوە ڕەد کردوە.

پزیشکی یاسایی شاری ئورمیەش پاش تویکاری بۆ تەرمی ڕەحمان هیچ وڵامێکی بە بنەماڵی ناوبراو نەداوەتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە