بەندکراوێکی سیاسی کورد لە بەشداری لە ناشتنی تەرم و ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی کچەکەی بێبەش کرا

هەنگاو: بەرپرسانی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ئیزنیان بە بەندکراوێکی سیاسی کورد نەدا کە لە ڕێوڕەسمی ناشتن و سەرەخۆشیی

٦ خاکەلێوە ٢٧٢١، ١٢:٠٢

 

هەنگاو: بەرپرسانی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ئیزنیان بە بەندکراوێکی سیاسی کورد نەدا کە لە ڕێوڕەسمی ناشتن و سەرەخۆشیی کچەکەی کە بەم دواییانە کۆچی دوایی کردبوو، بەشداری بکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و دوابەدوای کۆچی دوایی کچی تەمەن ١٥ ساڵی بەندکراوێکی سیاسی کورد بە ناوی ئارەش نەسری، بەرپرسانی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بە تایبەت ئەمین وەزیری جێگری داواکاری گشتی و دادیاری چاوەدێر بە سەر بەندکراوانی سیاسی پێشیان بە بەشداری کردنی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕێوڕەسمی ناشتن و سەرەخۆشیی کچەکەی گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمین وەزیری بە بیانووی “نەبوونی ئاسایش لە کۆمەڵگا و ئەمنیەتی بوونی تۆمەتی”ئارش نەسری ڕێگری لە چوونە مرەخەسی ناوبراو کردووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی بەکۆمەڵی بەندکراوانی بەندی ٤ی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج.

ئارش نەسری تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی وەرامین، ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧١٩ (٢٠ی دێسامبری ) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای تەوابوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گوازراوەتەوە و لەوکاتەوە لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسیە ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەری مەقیسە بە چەند تۆمەتی جیاواز سەرجەم حوکمی ١٧ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. دانیشتنی دادگای ناوبراو ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕ (٢٠ی ژوئیە) بەڕێوەچووە و ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ (٥ی ئاگۆست) حوکمەکەی بە فەرمی پێ ڕاگەیەندراوە.

بە پێی ئەو حوکمە، ئارش نەسری بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران“ حوکمی ٦ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی گواستنەوە و هەڵگرتنی چەک حوکمی ٦ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی هاووچۆی نایاسایی بۆ دەرەوەی سنوور حوکمی ١٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی چەک و چۆڵ حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بە پێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، زیاترین حوکم واتە حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی ئارەش نەسری شیاوی جێبەجێ کردنە.

ئارش پێشتر بۆ ماوەی سێ ساڵ لە هەرێمی کوردستان ژیاوە و بۆ ماوەیەکیش ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە