بەندکراوێکی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بەندکراوە، بە هۆی گواستنەوەی بۆ بەندی ئەمنیەتی ، مانی لە خواردن گرتووە.

١٣ ڕەشەمە ٢٧١٨، ٢٣:٠٣

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بەندکراوە، بە هۆی گواستنەوەی بۆ بەندی ئەمنیەتی ، مانی  لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، قادر محەمەدزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان کە ئێستا لە حاڵی تێپەراندی چواردەیەمین ساڵی بەندکرانیەتی، لە ڕۆژی شەممە (١١ی رەشەمەی ٢٧١٨/ ٢ی مارسی ٢٠١٩) بە هۆی گواستنەوەی بۆ بەندی ئەمنی ئەو بەندیخانەیە مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو بەندکراوە لە لە سەرەتای مانگی رەشەمە (کۆتایی مانگی فێوریە) بە مەبەستی تەمبێ کردن لەگەڵ دەیان بەندکراوی دیکە بۆ بەندی ئەمنی بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە و مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی لێ زەوت کراوە.

سەرچاوەیەک لە بەندیخانەی ئورمیە بە هەنگاوی ڕاگەیاند قادر محەمەدزادە تەنیا بە بۆنەی چاککردنی مۆبایلی بەندکراوان تەمبێ کراوە و بۆ ئەو بەندە گوازراوەتەوە.

قادر محەمەدزادە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لەگەڵ محەمەدئەمین عەبدووڵڵاهی بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و بە تۆمەتی محاربە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران کەم رکایەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە