بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران تووشی کۆڕۆنا بووە

هەنگاو: کامران قادری، بەندکراوی کورد کە ناسنامەی وڵاتی نەمسای هەیە و بە تۆمەتی سیخوڕی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران بەند کراوە، لە ناو بەن

٥ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٣:٢١

 

هەنگاو: کامران قادری، بەندکراوی کورد کە ناسنامەی وڵاتی نەمسای هەیە و بە تۆمەتی سیخوڕی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران بەند کراوە، لە ناو بەندیخانەدا تووشی پەتای کۆڕۆنا بووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کامران قادری خەڵکی شنۆ کە ناسنامەی ئێرانی – نەمسایی (ئوتریشی) هەیە و  لە بەندیخانەی ئێوین ماوەی سزای ١٠ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات، لە بەندیخانە تووشی کۆڕۆنا بووە و لە چارەسەری پزیشکیش بێبەش کراوە.

هاریکا قادری، هاوژینی کامڕان قادری بە بڵاو کردنەوەی تویتێک داوای پێڕاگەیشتن بە هاوسەرەکەی و دابین کردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ ناوبراو کرد. ڕاشیگەیاند کامران قادری هەستی بۆن کردنی خۆی لە دەست داوە و زیاتر لە نیوەی هاوبەندییەکانی، نیشانەکانی کۆڕۆنایان هەبووە.

کامران قادری، لە دایکبووی ساڵی ٢٦٦٢ی کوردی (١٩٦٢ی زایینی) لە شاری شنۆیە. بڕوانامەی دوکتۆرای کارەبا و ئەلەکترۆنیکی لە زانکۆی تەکنیکی ڤییەنا وەرگرتووە و لە بواری IT چالاکیی هەبووە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاوانک لە ڤییەنای پێتەختی نەمسایە. ناوبراو بەرەبەیانی ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ٢٧١٦ (٢ی ژانوییە ٢٠١٦) لە پاش گەیشتن بە فڕۆکەخانەی "ئیمام خومەینی"ی تاران، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین.

ئەم هاووڵاتییە دوو ناسنامەیییە، ڕۆژی سێ شەممە ٢٧ی ڕەزبەری ٢٧١٦ (١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦)، لە لایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی عەلیڕەزا ئومێدوار، فەرهاد عەبد ساڵح، سیامەک نەمازی و محەمەد باقر نەمازی، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا، هەرکامیان سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

کامران قادری سەرەنجام ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧١٧ (١٧ی ئاوریلی ٢٠١٧) پاش ٤٧٢ ڕۆژ دەستبەسەری لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین کە لە دەست سپای پاسداراندایە، گوازرایەوە بۆ بەندی گشتیی بەندیخانەکە و لەو کاتەوە لەم بەندیخانەیە ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە