بەندی نوێی بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ئورومیە تەواو ئەمنییەتییە و ١٤ کامێرای چاودێری هەیە

هەنگاو: دوای تەواوبوونی بەندی نوێی تایبەت بە بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە، بەندکراوانی سیاسی بە زوویی دەگوازرێنەوە ب

٢٩ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ٢١:٠٨

 

هەنگاو: دوای تەواوبوونی بەندی نوێی تایبەت بە بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە، بەندکراوانی سیاسی بە زوویی دەگوازرێنەوە بۆ ئەم بەندە نوێیە کە بە تەواوی ئەمنییەتییە و بە شێوەی نێوەنجی بۆ هەر حەوت بەندکراو، دوو کامێرای چاودێری دانراوە.

بە پێی ئەو راپۆرتەی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیەوە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە، بەندی نوێ کە بڕیارە بەم زوانە بەندکراوانی سیاسیی ئەو بەندیخانەیەی بۆ بگوازنەوە بە تەواوی ئەمنییەتییە و وێڕای بچووکی جێگا بۆ بەندکراوان، ١٤ کامێڕای چاودێری بۆ کونتڕۆڵکردنی بەندکراوان تێیدا دانراوە. 

راپۆرتی گەیشتوو باس لەوە ئەکات کە بەندە نوێکە پێنج ژووری ٥ لە ٣ی هەیە و لە هەر ژوورێکدا شەش تەختی سی قاتی هەیە کە بەو شێوەیە لە ژوورێکی ١٥ مێتری چوارگۆشەدا ١٨ بەندکراو ڕادەگیرێن.

بە پێی ئەو راپۆرتەی کە بە هەنگاو گەیشتووە، ئێستا ٢٨ بەندکراوی سیاسی و ٢٢ بەندکراوی مەزهەبی، سەرجەم ٥٠ بەندکراو لە بەندی بەندکراوانی سیاسی دان. دانانی ئەو ژمارە کامێرای چاودێرییە بۆ بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی لە کاتێکدایە کە لە بەندەکانی دیکە کە زیاتر لە ١٠٠٠ بەندکراوی تێدایە، تەنیا ٩ کامێرای لێیە. 

سەرچاوەکانی هەنگاو رایانگەیاندووە کە لە هەر ژوورێکی بەندی نوێی بەندکراوانی سیاسی دوو کەرەستەی پارازیت دانراوە کە مرۆڤ تووشی شێرپەنجە ئەکات و کاریگەریی قووڵی لە سەر تەندرووستی مرۆڤ هەیە. 

هەروەها ئەو بەندە حەوشەیەکی بچووکی ١٠٠ میتری هەیە کە دیوارەکانی ٨ میتر بەرزە و پێش بە خۆر ئەگرێ. هەر ژوورێکیش کە ١٨ کەسی تێدایە یەک پەنجەرەی بچووکی هەیە کە بەس نیە بۆ گوڕینی هەوا. 

راپۆرتەکان باس لەوەش ئەکەن کە هەر ژوورێکی ئەو بەندە نوێیە، کەرەستەیەکی بیستنی تێدا دانراوە کە هەموو بەپرسانی بەنددیخانە دەتوانن هەموو قسەکانی بەندکراوانیان گوێ لێبێ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە