بەڕێوەچوونی مانۆڕی بەرەڕووبوونەوە لەگەڵ راپەڕین لە بەندیخانەی ئورمیە

هەنگاو: پاش راپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەکانی خوڕەم حاوا و ئەلیگودەرز لە پارێزگای لوڕستان، بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانۆڕێکیان بەڕێوەبرد

٤ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ٢٠:٣٧


هەنگاو: پاش راپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەکانی خوڕەم حاوا و ئەلیگودەرز لە پارێزگای لوڕستان، بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانۆڕێکیان بەڕێوەبرد لە ژێر ناوی بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ راپەڕیندا. ئەو مانۆڕە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، ٤ی خاکەلێوەی ٩٩(٢٣ مارس ٢٠٢٠) بەڕێوە چوو.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوی راگەیاند، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش جێگیربوون لە سەر بان و ساڵۆنی بەندیخانەکە ئەو مانۆڕەیان بەڕێوە برد کە کاتژمێر ٨ی شەو دەستی پێکرد و دوو کاتژمێری خایاند. بە پێی سەرچاوەکە، ئەو مانۆرە بە فەرماندەیی سەرگوردێکی هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە بەندیخانەی ئورمیە و بەشداری هێزە ئینتزامییەکان و هێزی تایبەتیی بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ راپەڕیندا بەڕێوە چوو.


شایانی باسە ئەو مانۆڕە پاش سەرهەڵدانی بەندکراوانی بەندیخانەی خوڕەم ئاوا و ئەلیگودەرزی لوڕستان بەڕێوە چوو کە بووە هۆی کوژرانی دوو بەندکراو لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە.


بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە، نزیکەی ٣٥٠٠ بەندکراو بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەو بەندیخانەیە ڕاگیراون.


لە بەندەکانی ١،٢،٣، و ٤ سەرجەم ٩٥٠ بەندکراو، لە بەندەکانی ٩،١٠ و ١١ سەرجەم ٢٥٠ بەندکراو، لە بەندی ١٤ سەرجەم ٤٠٠ بەندکراو، لە بەندی ١٥ سەرجەم ٤٥٠ بەندکراو لە بەندی ڕەوان دەرمانی ١ سەرجەم ١٧٠ بەندکراو، لە بەندی سیاسی و مەزهەبی سەرجەم ٧٠ بەندکراو، لە بەندی ڕەوان دەرمانی ٢ سەرجەم ٢٠٠ بەندکراو،
لە بەندی ژنان ٤٠٠ بەندکراو، لە بەندی لاوان ٢٠٠ بەندکراو.، لە بەندی کرێکاران ٣٠٠ بە ندکراو و لە بەندی ”تلاش“ ٨٠ بەندکراو ڕاگیراون کە دوای بلاوبوونەوەی پەتای کرۆنا مەترسی جیدی لە سەر ژیانیان دروست بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە