بەئەمنی کرانی دۆخی بۆکان و دەستبەسەر کردنی شەش هاووڵاتی

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان لە شاری بۆکان دەستیان کردووە بە دەستبەسەر کردنی بەربڵاوی هاووڵ

١ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١٢:٥٩

 

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان لە شاری بۆکان دەستیان کردووە بە دەستبەسەر کردنی بەربڵاوی هاووڵاتیان و دۆخی شاریان بەئەمنی کردووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ بەفرانباری ٢٧٢١ (١٩ی ژانویەی ٢٠٢١)، لانیکەم شەش ئوتۆمبێلی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو و ئورمیە چوونەتە ناو فەرمانگەی ئیتلاعاتی بۆکان و دواتر و بە پێکهێنانی کەشی سەرکوت و تۆقاندن، دەستیان کردووە بە دەستبەسە کردنی هاووڵاتیان و لانی کەم شەش کەسیان دەستبەسەر کردووە.

تا ئێستا ناسنامەی سێ کەس لەو شەش کەسە بە ناوەکانی "قادر ڕەسووڵپوور"، "محەمەد حاجی ڕەسووڵپوور" و "عەلی زولفی" بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

قادر ڕەسووڵپوور لە سەرەتای شەستەکانیشدا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکڕات ماوەی ٦ ساڵ لە بەندیخانە بووە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاند هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەر کردنی قادر ڕەسووڵپوور و عەلی زولفیدا، دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیانیان شکاندووە و ناوماڵەکەشیانیان پشکنیوە.

محەمەد حاجی ڕەسووڵپوور، لە شوێنی کارەکەی خۆی (کابینێت سازی) دەستبەسەر کراوە و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، کەلوپەلەکانی وەک لابتۆپ و کامێرای چاوەدێریی شوێنەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەم هاووڵاتییانە و ئەو تۆمەتەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕوویان کراوەتەوە، ئاشكرا نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە