تاران/ دەستبەسەرکرانی توێژەرێکی کوردی خاوەن چەند خەڵاتی نێودەوڵتی

هەنگاو: کامیل ئەحمەدی نووسەر و توێژەری کورد کە هاوکات هاووڵاتی ئێران و بریتانیایە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە ماڵی

٢٢ گەلاوێژ ٢٧١٩، ١٨:٠٢

 

هەنگاو: کامیل ئەحمەدی نووسەر و توێژەری کورد کە هاوکات هاووڵاتی ئێران و بریتانیایە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە ماڵی خۆی لە شاری تاران دەستبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧١٩،(١١ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، کامیل ئەحمەدی  نووسەر و لێکۆڵەری کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە شاری تاران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گوازراوەتەوە.

شەفیق ڕەحمانی ژنی کامیل ئەحمەدی لە لاپەڕەی ئینستاگرامی  خۆی ئەو هەواڵەی پشتراست کردووەتەوە  و ڕایگەیاندووە کە لقی یەکی دادسەرای ئەمنیەتی ئەوین بۆ ماوەی یەک مانگ بڕیاری دەستبەسەرکرانی کامیل ئەحمەدی دەرکردوە و هیچ زانیاریەکمان لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکرانەکەی پێ نەدراوە.

کامیل ئەحمەدی، توێژەری کوردی خەڵکی شاری نەغەدە و هاوکات هاووڵاتی وڵاتی بریتانیایە کە ئێستا لە چوارچێوەی چالاکیی مرۆڤناسی و بواری کۆمەڵایەتی و بوارەکانی پەیوەندیدار بە فەرهەنگی ناوچەیی، کۆچبەری، منداڵان و ژنان، مافی کەمینە نەتەوەییەکان پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکات و لە بواری ڕاگەیاندنیشدا پێشینە و ئەزموونی زۆری هەیە.

ناوبراو ساڵی ٢٠١٧ توانی خەڵاتی (IKWRO) هەر ساڵە بە یەکێک لە توێژەر و نووسەرانی بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی دەدرێت بە دەست بێنێت.

کامیل ئەحمەدی ساڵی رابردوو بە هۆی لێکۆڵینەوە و چالاکیە پەروەردەییەکانی لە بواری منداڵان وکەمینەکان، خەڵاتی ئەدەبیات و زانستی مرۆیی ڕێکخراوی جیهانی ئاشتی لە زانکۆی جۆرج واشنگتۆنی پێ بەخشرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە