تاڵانکردنی ماڵی خەڵک لەلایەن هێزە ئینتیزامییەکانی ئێران لە گوندێکی پیرانشار

هەنگاو: هێزە ئینتیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە گوندێکی پیرانشار بە شیوەی نایاسایی دەستدرێژییان کردووەتە سەر موڵک و ماڵی خەڵک

٤ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٩:٣٨


هەنگاو: هێزە ئینتیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە گوندێکی پیرانشار بە شیوەی نایاسایی دەستدرێژییان کردووەتە سەر موڵک و ماڵی خەڵک و تاڵانیان کردووە و دواتر پێیانیان فرۆشتووەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٠(٢١ی مەی ٢٠٢٠)، هێزە ئینتیزامییەکانی جێگیر لە پاسگای سیلوێ سەر بە پیرانشار بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە ملهوڕی هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی گوندی گردەسوور و لە ژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ، دەستیان داوەتە تاڵاو و ڕاوڕووت.
ڕاپۆرتی گەییشتوو بە هەنگاو باس لەوە دەکات کە لەم هەوڵەدا لانیکەم ٥٣ سەر ئەسپی هاووڵاتییان کە تەنیا سەرچاوەی داهاتی ئەوان بووە زەوت کراوە و دواتر هەڕاج کراوە و هەر ئەسبێک بە یڕی دوو میلیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەن بە خاوەنەکانیان فرۆشراوەتەوە.

تاڵانکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی ماددەی ٢٢ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، دارایی و سنووری تاکەکەسیی تاکەکان لە هەر چەشنە دەستدرێژییەک پارێزراوە و تەنانەت لە یاسا ئاساییەکانیشدا هەوڵدان بۆ دەستدرێژی و تاڵانکردن تاوان هەژمار دەکرێت.


بە سەرنجدان بە ئەرک و مافەکانی ناوەندی دادستانی، یەکێک لە ئەرکەکانی دادستانی ناوەندی پارێزگاکان چاوەدێریکردن و پێشگرتن بە پێشێلکرانی مافی شارۆمەندیی هاووڵاتیانە بەڵام هەتا ئێستا ئەم ناوەندە کە پارێزگای ئورمیە هیچ چەشنە دژکردەوەیەکی لە خۆ نیشان نەداوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە