تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە مەریوان هاتە ئاراوە، کەڵکوەرگرتنی سوپای پاسداران لە پێهپاد و تۆپخانە

هەنگاو: رۆژی رابردوو تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لە سنوورەکانی مەریوان رووی داوە و تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی

٢٣ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٣:٣٦

 

هەنگاو: رۆژی رابردوو تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لە سنوورەکانی مەریوان رووی داوە و تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانیش بەرزاییەکانی سنووری ئەو شارەیان تۆپباران کرد.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٠( ١٢ی سێپتامبێری ٢٠٢٠)، تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان حیزبێکی کوردستانی دژبەری ئێران و هێزەکانی سوپای پاسداران رووی داوە. 

سەرچاوەکانی هەنگاو رایانگەیاند کە ئەو تێکهەڵچوونە لە شوێنێک بە ناوی "قووڵ وشتر" هەڵکەوتوو لە نێوان پاسگای گوندی چۆڵکراوی " دۆڵەبی" و گوندی " سەردۆش" رووی داوە و شەڕەکە چوار کاتژمێری خایاندووە.

بە پێی ئەو راپۆرتانەی بە هەنگاو گەیشتووە کە هاوکات لە گەڵ ئەم تێکهەڵچوونەدا تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیان تۆپباران کردووە. 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تێکهەڵچوونەکە کاتژمێر ٧ی شەو تەواو بووە و دواتر فرۆکەیەکی پێهپادی سوپای پاسداران تا کاتژمێر ١٠ ی شەو بە سەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕایەوە. 

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ حیزبێکی کوردستانی بەرپرسایەتیی ئەم تێکهەڵچوونەی وەئەستۆ نەگرتووە و کوژراو و بریندارەکانی دوولایەنی شەڕیش نادیارە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە