تێکهەڵچوونی چەکداری لە پاوە هاتە ئاراوە و چەندین پاسدارن و هاووڵاتییەکی مەدەنی کوژران

هەنگاو: دوای تێکهەڵچوونی چەکداری ئەمڕۆ کە لەپاوە هاتە ئاراوە و چەندین پاسدار کوژران، هێزەکانی سپای پاسداران .

٢٠ ڕەزبەر ٢٧١٨، ١٣:٥١

 

هەنگاو: دوای تێکهەڵچوونی چەکداری کە ئەمڕۆ لەپاوە هاتە ئاراوە و چەندین پاسدار کوژران، هێزەکانی سپای پاسداران هاووڵاتییەکی مەدەنییان دایە بەر دەستڕیژی گوللە و کوشتیان.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (٢٠ی ڕەزبەری ٢٧١٨ / ١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، لە ناوچەی ”بیمیر“ کە لەبەرزاییەکانی شاهۆ و لە نزیک شاری پاوە هەڵکەوتووە، تێکهەڵچوونێکی قورس چەکدارانە لەنێوان سپای پاسداران و لایەنێکی کوردستانی هاتووەتە ئاراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی جیگای متمانە، ئەو تێکهەڵچوونە لە باخەکانی ”زەل“ هاتوونەتە ئاراوە و تێیدا چەندین پاسدار کوژراون. هێندێک هەواڵ کە بۆ هەنگاو پشتڕاست نەبووەتەوە باس لەوە دەکەن کە دوو ئەندامی ئەو هێزە کوردستانیەش لەو تێکهەڵچوونەدا گیانیان لە دەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی سپای پاسداران دوای ئەو تێکهەڵچوونە جاددەی بیمیریان بەستووە و ئیزن بە هاتووچۆی کەس نادەن.

ئەو هێزانە لەو خاڵە پشکنینەی کە دایانناوە تەقەیان لە لاوێکی خەڵکی پاوە بەناوی ”فەرشاد چچانی“ کردووە و دەستبەجێ کوژراوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێکی کوردستانی بەرپرسیارێتی ئەو تێکهەڵچوونەی بە ئەستۆ نەگرتووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە