تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە مەهاباد هاتە ئاراوە، سپا بەرزاییەکان تۆپباران دەکات

هەنگاو: تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لەنێوان هێزێکی کوردستانی و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە و سپای پاسداران دەستی کردووە بە تۆپباران کرد

٢٢ جۆزەردان ٢٧١٩، ٢٢:١٣

 

هەنگاو: تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لەنێوان هێزێکی کوردستانی و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە و سپای پاسداران دەستی کردووە بە تۆپباران کردنی بەرزاییەکانی قەڵاتی شا لە مەهاباد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە (٢٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩ / ١٢ی ژوئەنی ٢٠١٩)،  تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە شوێنێک بە ناوی قەڵاتی شا کە لەنێوان شارەکانی مەهاباد، نەغەدە و پیرانشار هەڵکەوتووە لەنێوان هێزێکی کوردستانی و هێزەکانی سپای پاسداران هاتووەتە ئاراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو تێکهەڵچوونە کاتژمێر ٩ی شەو بە کاتی خۆجێی هاتووەتە ئاراوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە چەندین ئامبۆڵانس ڕەوانەی شوێنی تێکهەڵچوونەکە کراوە و سپای پاسداران کوژراو و برینداری هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، سپای پاسداران هاوکات دەستی داوەتە تۆپباران کردنی بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، میدیاکانی ئێران هیچ هەواڵێکیان لەوبارەوە بڵاو نەکردووەتەوە و هیچ حیزبێکی کوردستانیش بەرپرسیارێتی ئەو تێکهەڵچوونەی بە ئەستۆ نەگرتووە.

کاتژمێر ١٢ بە کاتی تاران

پەیوەندییە گشتییەکانی هێزە ئینتزامییەکانی مەهاباد داوای لە خەڵک کردووە کە نەترسن و ئارامشی خۆیان بپارێزن و ئەو تۆپبارانە هی مانۆڕی شەوانەی هێزەکانی ئێرانە.

بەوحاڵەش خەڵک پێیان وایە کە ئەو تۆپبارانە دوای تێکهەڵچوونێکی چەکداری هاتووەتە ئاراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە