تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە مەریوان هاتە ئاراوە، لە حەفتەیەکدا سێ تێکهەڵچوون ڕووی داوە

هەنگاو: لە سنوورەکانی مەریوان تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی هاتە ئاراوە.

٣١ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٨:١٢


هەنگاو: لە سنوورەکانی مەریوان تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی هاتە ئاراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢١ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزێکی کوردستانی و هێزەکانی سپای پاسداران کە لە پایگای دۆڵەبی ناوچەی سەردۆشی مەریوان جێگیر بوون هاتە ئاراوە. دوای ئەو تێکهەڵچوونە، هێزەکانی سپای پاسداران بەرزاییەکانی ناوچەی سەردۆشیان تۆپباران کردووە.


زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەک لە هێزەکانی سپای پاسداران لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەدا کوژراون و بریندار بوون.


لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم سێ تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە سنوورەکانی سەوڵاوا، مەریوان و شنۆ لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و لایەنە کوردستانییەکان هاتووەتە ئاراوە.


هەنگاو داوا لە لایەنەکانی ئەو تێکهەڵچوونە دەکات کە یاساکانی چاودێر بە تێکهەڵچوونە ناوخۆییەکان وەکوو جیا کردنەوەی خەڵکی مەدەنی و ماڵ و موڵکی خەڵکی ئاسایی ڕەچاو بکەن.

ئەم هەواڵە بە ڕۆژ دەبێتەوە....
کاتژمێر ١ی بەرەبەیان بە کاتی تاران: چەندین ئامبوڵانس بەرێ کراون بۆ شوێنی شەڕەکە، هێزەکانی سپا هێشتا بەرزاییەکانی سەرشیو تۆپباران دەکەن و هێڵی ئینتەرنێتی ناوچەکە تووشی کێشە بووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە