تەرمی سووتاوی دەرهێنەرێکی کورد دۆزرایەوە، بنەماڵەکەی ئیتلاعات بە بەرپرسیار دەزانن

هەنگاو: ڕەحیم زەبیحی دەرهێنەری ناسراوی کورد لە شاری بانە بە شێوەکەی گوماناوی کوژراوە و نزیکانی ناوبراو ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بە بەرپرسیار دەزانن.

١٧ سەرماوەز ٢٧١٨، ١٠:٠١

 

هەنگاو: ڕەحیم زەبیحی دەرهێنەری ناسراوی کورد لە شاری بانە بە شێوەکەی گوماناوی کوژراوە و نزیکانی ناوبراو ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بە بەرپرسیار دەزانن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی (١٦ی سەرماوەزی ٢٧١٨ / ٧ی دێسامبری ٢٠١٨)، تەرمی سووتاوی ڕەحیم زەبیحی دەرهێنەری ناسراوی کورد لە کاتێکدا لە نزیک شاری بانە دۆزراوەتەوە کە لەگەڵ براکەی دەست و پێیان بەستراوە و و لە کورسی دواوەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تویتا کرۆلا بوون.

سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان لەوە کردوەتەوە کە دەست و پێی ڕەحیم براکەی بەستراوە و بکوژەکان بۆ بەلارێدا بردنی ئەو تاوانە هەوڵیان داوە کە جۆرێک ئۆتۆمبێلەکە بخەنە خوارەوە کە خەڵک وا بزانن هەڵدێراوە.

شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە کە هەرچەند تەرمی ڕەحیم و براکەی بەتەواوەتی سووتاوە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە تەنیا ئاگری گرتووە و هیچ ئاسەوارێکی هەڵدێرانی پێ وە دیار نیە و هە رئەمەش ئەگەری کوژرانیان بەهێز دەکات. هیچ زانیارییەکیش لە چارەنووسی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە وەک باس کراوە هاوکاری ئیدارەی ئیتلاعات بووە، لە بەر دەستدا نیە.

سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی زەبیحی لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە ناوبراو لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراوە و هەڕەشی لێکراوە و ئەمەش ئەو ئەگەرەی کە ئیدارەی ئیتلاعات دەستی هەبووبێت لە کوشتنیان بەهێز دەکا.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە بەڕێز زەبیحی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی دیکۆمێنتارییەکی تایبەت لە سەر ژیانی کۆڵبەران و کوشتنی کۆڵبەران لەلایەن چەکدارانی ئێران بووە و دوای ئەوەی سیناریۆکەی ڕادەستی ئیدارەی ئیرشاد کردووە دژکردەوەی توندیان هەبووە و چەندین جاریش بەو هۆیەوە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراوە.

ئەو سەرچاوەیەک کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا وتی کە تەلەفوونی رەحیم زەبیحی هەتا کاتژمیر ١١ی شەو هەڵبووە و زەنگی خواردووە و لە ١١ی شەو بەولاوە کوژاوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە لە شەوی ڕابردووە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ماڵی ڕەحیم زەبیحییان گەمارۆ داوە و هەر جۆرە هاتووچۆیەک بۆ ماڵی ئەوان چاوەدێری دەکەن.

چالاکانی کورد لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەو هەواڵەیان ڕووماڵ کردووە و ئەوانیش ئیدارەی ئیتلاعات بە بەرپرسیار دەزانن و باس لە قۆناگێکی نوێی تیرۆری چالاکانی مەدەنی کورد لە کوردستان دەکەن و ئاماژە بە کوژرانی گوماناوی شەریف باجوەر و هاوڕێیانیشی دەکەن.

زەبیحی، سینەماکار و دەرھێنەرێکی ناوداری کورد لە دایکبووی شاری بانەیە و چەندین کاری دەرھێنانی ھەبووە، دیارترینیشیان کورتە فیلمەکانی “ھاوار”، “سەتەلایت”، “کۆتایی شەڕ”، “ئەو پیاوەی کە چوو بۆ سەیران”، “ساتە مەزادکراوەکان”، “تیرۆریستێک دادەبەزێ”، “رۆژی دوایی”، “ئیسترێس″، “سەمای ڕەنگەکان”، “ژانی دابڕانی ئەبەدی”، فیلمی “وڵاتی ئەفسانە”ن.

 

 

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە