تەرمی یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی شاری جوانڕۆ دۆزرایەوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕوانسەر و دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی جوانڕۆ کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئەو شار

١٢ بەفرانبار ٢٧١٩، ١٧:٣٦

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕوانسەر و دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی جوانڕۆ کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٠١٩ (٢ی ژانویەی ٢٠٢٠)، تەرمی هاووڵاتییەک بە ناوی ”هاشم مورادی“ لە نزیک ڕووبارێک لە گوندی سەفیاوا سەر بە شاری جوانڕۆ دۆزراوەتەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مورادی لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە هاشم مورادی لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر (١٧ی نۆڤەمبر) و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کرانی بەربڵاوی هاووڵاتیانی کورد لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر و لەوکاتەوە بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لە سەری نەبووە.

بە وتەی ناوبراو، هاشم مورادی خەڵکی گوندی بنچەڵێ سەر بە شاری ڕوانسەر و دانیشتووی گوندی سەفیاوای جوانڕۆ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵی چووکە بووە. ناوبراو لەکاتی دەسفرۆشی دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی جوانڕۆ پێشتر بە بنەماڵەی هاشم مورادی وتووە کە ناوبراو بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە بەندیخانەی دێزڵ ئاوای کرماشان لەگەڵ ئێمە بووە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیاریان بردووە.

بنەماڵەی مورادی دوای دەستبەسەر کرانی ڕۆڵەکیان چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانیان کردووە و تەنانەت چوونەتە بەندیخانەی دێزڵ ئاوای کرماشانیش، بەڵام هیچ لایەنێک حازر بە وڵامدانەوەیان نەبووە. بە وتەی هەمان سەرچاوە، پێشتر ئیدارەی ئیتلاعات بە بنەماڵەی مورادی وتووە کە ڕاگەیەندراوێک بڵاو بکەنەوە و بڵێن هاشم لە باری زەینییەوە ناتەواوە و تکایە هەر کەس زانیاری لە سەری هەیە ئاگادارمان بکاتەوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە تەرمی هاشـم مورادی کاتێک دۆزراوەتەوە کە هەر دوو پێی بەسراوەتەوە و ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیار بووە.

تەرمی هاشم مورادی ئەمڕۆ لە گۆڕستانی گوندی بنچەڵێ سەر بە شاری ڕوانسەر لەپارێزگای کرماشان لە کەشێکی ئەمنیدا ئەسپەردە کراوە. هیزە ئەمنییەکان هوشدارییان بە بنەماڵەی هاشم داوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەو بابەتە میدایی بکرێتەوە و ئەگەر ئەو کارە بکەن ئەوا لێپێچینەوەیان بەرانبەر دەکرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە