تەندوستی چەنگیز قەدەم خەیر بەروڕووی مەترسی جیدی بووەتەوە

هەنگاو: چەنگیز قدەم خەیر بەندکراوی سیاسی کورد کە بەندیخانەی مەسجید سلێمان ڕاگیراوە، بە هۆی نەخۆشی گورچیلەوە لە ناوەندی دەرمانی ئەو شارە خەوێندراوە

٩ ڕەشەمە ٢٧١٨، ٢١:٤٢

 

هەنگاو: چەنگیز قدەم خەیر بەندکراوی سیاسی کورد کە بەندیخانەی مەسجید سلێمان ڕاگیراوە، بە هۆی نەخۆشی گورچیلەوە لە ناوەندی دەرمانی ئەو شارە خەوێندراوە و تەندروستی بەرەوڕووی مەترسی بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چەنگیز قەدەم خەیر بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامیاران سەر بە پارێزگای سنە کە حوکمی ٤٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە، پێشتر یەکێک لە گورچیلەکانی لە دەست داوە و گورچیلەی دیکەشی پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە نە ئیزنی مرەخەسی پێ دەدەن و نە ئیزن دەدەن کە لە دەرەوەی بەندیخانە نەشتەرگەری بۆ بکرێت.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی قەدەم خەیر لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ناوبراو ئێستا لە ناوەندی دەرمانیشاری مەسجیدی سلێمان سەر بە پارێزگای خوزێستان ڕاگیراوە .

چەنگیز قەدەم خەیر لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا گولـلەیەک بەر گورچیلەی کەوتووە کە تاوەکوو ئێستاش لەر گورچیلەیدا ماوەتەوە. هەتا ئێستا پێشگیری لە دەرمانی ناوبراو کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بە تەواوەتی گورچیلەی لای ڕاستی لەکار بکەوێت.

ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ٢٦٨٨ی کوردی، چوار ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ٣ کەسی دیکە بە تۆمەتی “دژایەتیی خودا و تێکهەڵچوون لەگەڵ سوپای پاسدارن” لە یەکێک لە ئاواییەکانی سەر بە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دواتر بە هەمان تۆمەت و ئەندامەتیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی ئێران، لە دادگای شۆڕشی شاری سنە بە ٤٠ ساڵ به‌ندكران و گواستنەوە بۆ به‌ندیخانه‌ی شاری مەسجد سولەیمان، حوکم درا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە