جێبەجێ کرانی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی پاوە لە کرماشان

هەنگاو: سزای سێدارەی هاووڵاتیەکی خەڵکی پاوە لە بەندیخانەی ناوەندی شاری کرماشان جێبەجێ کرا.

١٨ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٤:٤٤

 

هەنگاو: سزای سێدارەی هاووڵاتیەکی خەڵکی پاوە لە بەندیخانەی ناوەندی شاری کرماشان جێبەجێ کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەک بە ناوی "ئەفشار مینایی کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست ئەو سزایە بەسەریدا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەفشار مینایی خەڵکی گوندی شمشێر سەر بە شاری پاوە، پێنج ساڵ لەمەو پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری حکوومەتی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم سزای سێدارەی ٧ هاووڵاتی کورد کە بەندیخانەکانی کرماشان، کەرەج، ئورمیە و ئیسفەهان جێبەجێ کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە