حوسێن عوسمانی دوای ٨ ساڵ مافی مرەخەسی پێدرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد کە ماوەی هەشت ساڵ بوو بێ مافی مرەخەسی لە بەندیخانەکانی ئورمیە و م

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٣:١٣

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد کە ماوەی هەشت ساڵ بوو بێ مافی مرەخەسی لە بەندیخانەکانی ئورمیە و مەهاباد ڕاگیرابوو، بۆ یەکەمجار مافی مرەخەسی پێدرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، حوسێن عوسمانی، بەندکراوی سیاسی ٦٠ ساڵە و خەڵکی مەهاباد، دوای هەشت ساڵ بەندکران بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی مافی مرەخەسی پیدرا.

ئەم بەندکراوە کوردە کە ئێستا ماوەی سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە تێپەڕ دەکات، لەماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا سەرباری بەساڵاچویی و هەبوونی چەندین نەخۆشی، بەردەوام لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕێگیری لەوە کراوە کە لەمافی مرەخەسی کەڵک وەربگرێت.

حوسێن عوسمانی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٣ (٣ی مارسی ٢٠١٤) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٤ (مارسی ٢٠١٥) لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی مەهابادەوە لەگەڵ دوو کەسی دیکە و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە ناوەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە حوکمی سێدارە لە پێش چاوی خەڵکیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەو هاووڵاتیانە بە تۆمەتی ئەنجامی تەقینەوە لە ساڵی ١٣٨٩ و ئەندامەتی لە کۆمەڵە ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپا.

حوکمی سێدارەی حوسەین عوسمانی لە مانگی بەفرانباری ٢٧١٦ (ژانویەی ٢٠١٧) لەلایەن دیوان باڵای وڵات هەڵوەشێندرایەوە و سزاکەی بۆ ١٥ ساڵ کەم کرایەوە. بەڵام دواتر و لە مانگی خەرمانانی ٢٧١٩ (سپتامبر ٢٠١٩) لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە سزاکەی بۆ ٣٠ ساڵ بەندکران زیاد کرا.

سابیر شێخ عەبدوڵلا و دیاکۆ ڕەسووڵ زاده  دواتر و ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (١٤ی جولای ٢٠٢٠) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دران و هەتا ئێستا تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە