حوکمی ٢١ ساڵ بەندکرانی بەندکراوێکی کەم ئەندامی کورد پەسەند کرا

هەنگاو: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران، حوکمی ٣٦ ساڵ بەندکرانی بەسەر دوو برای کورددا کە یەکێکیان کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەتە سەپاندووە و ئەو .

٧ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٣:٥٠


هەنگاو: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران، حوکمی ٣٦ ساڵ بەندکرانی بەسەر دوو برای کورددا کە یەکێکیان کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەتە سەپاندووە و ئەو حوکمە وەک خۆی پەسەند کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ئەکبەر و ڕەسووڵ ڕەشیدی، ٣٣ ساڵ و ٣٥ ساڵ تەمەن، دوو برای کوردی خەڵکی سەڵماس و دانیشتووی ئورمیە، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر “شێخلوو“ەوە سەرجەم حوکمی ٣٦ ساڵ بەندکرانیان بۆ بڕاوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە وەک خۆی پەسەند کراوە و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (١٩ ژوئن ٢٠١٩) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران ئەکبەر ڕەشیدییان دەستبەسەر کرد و پاش ٤٨ ڕۆژ ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی هەمان ساڵ ( ٧ی سێپتامبر) بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەیان ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بەپێی ڕیزبەندیی قورسیی کەمئەندامیی ڕێکخراوی بێهزیستیی ئێران کەمئەندامی لەئەندازەبەدەرە و بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لەژێر چاوەدێریی ئەو رێکخراوەدا بووە و بە تەنیایی توانای تێپەڕاندنی کاروبارە تاکەکەسییەکەی خۆی نییە. ناوبراو بەهۆی دوو لاق و دەستێکی بەتەواوەتی لە کار کەوتوون.

ئەکبەر ڕەشیدی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ”یاخیبوون و ئەندامەتیی لە گرووپە جیهادییەکان” بە ١٥ ساڵ و ”هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ٥ ساڵ و هەروەها بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بە یەک ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.

ناوبراو کە توانایی خوێندنەوە و نووسینی نییە، لە ماوەی ڕاگیران لە ئیدارەی ئیئتلاعات ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراوە و هەروەها لە قۆناخی لێپرسینەوە و دادگایی‌کرانیدا هەموو ئەو مافانەی کە یاسای ئێران بۆ کەمئەندامان و هەروەها ئەو مافانەش کە بەپێی کۆنوانسیۆنی مافی کەمئەندامان پەسندکراوی ساڵی ٢٠٠٦ کە ئێران یەکێک لە ئەندامانییەتیی لێ زەوت کراوە. هەروەها ئیدارەی گشتیی پزیشکی یاسایی ئورمیە دوو جار داواکاریی ناوبراوی بۆ جێبەجێ‌نەبوونی ئەو حوکمە داسەپاوە ڕەت کردووەتەوە وتوویانە کە توانایی ئەوەی هەیە لە بەندیخانە بمێنیتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕەسووڵ ڕەشیدی لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی و برای ئەکبەر ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (١ آگوست ٢٠١٩) لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر لە رێکوتی ١٦ی خەرمانان هاوڕێ لەگەڵ براکەی بۆ بەندیخانەی ئورمیە ڕاگوێزراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە کرێکاری بیناسازی و کرێنشین و باوکی منداڵێکە، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ”یاخیبوون و ئەندامەتیی لە گرووپە جیهادییەکان” بە ١٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە