حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی سەردار ئوزمووش پشتڕاست کرایەوە

هەنگاو: حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی سەردار ئوزموش هاووڵاتیی خەڵکی باکووری کوردستان لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کرا.

٣ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٠:٥٩


هەنگاو: حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی سەردار ئوزمووش هاووڵاتیی خەڵکی باکووری کوردستان لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکم ١٥ ساڵ بەندکرانی سەردار ئوزمووش، بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ئورمیە لەلایەن لقی ٢٥ی دیوانی بەرزی وڵاتەوە وەک خی پەسەند کراوەتەوە.


سەردار ئوزمووش، مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”شەیخلوو“ بە تۆمەتی ”هاوکاری و ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان“ حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ناوبراو هەروەها بە تۆمەتی ساز کردنی پاسپۆرتی ساختە حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.


سەردار ئوزمووش ١٨ ساڵ پێش بۆ ماوەی ٨ مانگ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە لە هەرێمی کوردستان گیرساوەتەوە.


ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧١٩ (١١ی دێسامبری ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە کاتێک ویستبووی لەڕێگای ئێرانەوە بڕواتە ئەرمەنستان و لەوێوە بەرەو ئەورووپا بڕوات، دەستبەسەر کرابوو.


سەردار ئوزمووش سەرەتا تەنیا بە تۆمەتی هەبوونی پاسپۆرتی ساختە دەستبەسەر کرابوو، بەڵام دوای ئەوەی خۆی دانی بەوەدا ناوە کە ١٨ساڵ پیش بۆ ماوەی ٨ مانگ ئەندامی پ ک ک بووە ئەو حوکمە قورسەی بە سەردا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە