حوکمی سێدارەی بەرزان نەسروڵڵازادە لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە ڕەدکرایەوە

هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی ەمزهەبی کورد کە لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە، دوای ١٠ ساڵ بەندکران لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتە

٢٩ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ٠٩:٥٠

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی مەزهەبی کورد کە لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە، دوای ١٠ ساڵ بەندکران لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە ڕەدکرایەوە و بۆ دادگایەکی هاوتەراز بەڕێکراوە. 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی سێدارەی بەرزان نەسروڵڵازادە بەندکراوی مەزهەبی کورد کە لەکاتی دەستبەسەر کران تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە بە پشتبەستن بە بەشی چوارەم لە بەنی (ب) ی ماددەی ٤٦٩ی یاسای پێڕاگەیەشتنی تاوانەکان پەسەندکراوی ساڵی ٢٠١٣ ی وڵاتی ئێران، لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە ڕەدکراوەتەوە و بە مەبەستی سەرلەنوێ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگایەکی هاوتەراز لە شاری تاران کراوە.

بەرزان نەسروڵڵازادە کوڕی محەمەدسەلیم و خەڵکی سنە، ڕۆژی شەممە ٨ی جۆزەردانی ٢٧١٠ (٢٩ی مەی ٢٠١٠) لە کاتێکدا کە ١٧ ساڵ و پێنج مانگ تەمەنی هەبوو، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کرا.

ئەو بەندکراوە مەزهەبییە دواتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ”مەقیسەیی“ بە تۆمەتی ”موحاریبە لە ڕێگای پەیوەندی لەگەڵ گرووپە سەلەفییەکان و بەشداری لە پیلانی کوشتنی مامۆستایانی ئایینی بە تایبەت مامۆستایەکی ئایینی کورد“ حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا.

بە وتەی نزیکانی بەرزان نەسروڵڵازادە، ناوبراو کاتێک لە قوتابخانە بووە دەستبەسەر کراوە و لەکاتی دەستبەسەر کران هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێکردووە و زکی بە گوللە پێکراوە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی بێبەشکرانی لە خزمەتگوزاری دەرمانی لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەجەوە سپڵ (طحال)ی خۆی بە تەواوەتی لە دەست داوە.

بەرزان نەسروڵڵازادە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە سەختترین شێوە ئەشکەنجە دراوە و هە رلەژێر ئەشکەنجە ناچار بە دانپێدانانی ڤیدیۆیی و قەبووڵ کردنی پەیوەندی لەگەڵ گرووپە سەلەفییەکان بووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەری ئەمساڵ (١٢ی ئۆکتۆبر) بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە کوردە بوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە