حوکمی سێدارەی دوو لاوی خەڵکی بانە جێبەجێ کرا

٥ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٠٨:٢٨


هەنگاو: حوکمی سێدارەی دوو لاوی خەڵکی بانە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا حوکمی سێدارەی ٤ هاووڵاتیی کورد لەو بەندیخانەیە جێبەجێ کراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی هەنینی ٥ی بانەمەڕی ٩٩ (٢٤ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی دوو هاووڵاتیی خەڵکی بانە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کراوە.


ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە ناوەکانی ”عەبدولواحید فەیزی“و ”ڕامیار موخلیس“ لەلایەن دادگای تاوانەکانی ١ی شاری سنە  بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.


ڕامیار موخلیس تەمەن ٢٨ ساڵ پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی کەسێکی دیکە بە ناوی ”هێمن مەعرووف“ دەستبەسەر و عەبدولواحید فەیزی کۆتایی مانگی خەرمانانی سێ ساڵ پیش بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک بە ناوی ”ئەفشین“ دەستبەسەر کرابوو.


لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی سەقز، بانە، دێولان و شاباد لە بەندیخانەکانی سەقز، سنە و کرماشان لەسێدارە دراون و حوکمی سێدارەی ٣ کەسیش دواخراوە یان هەڵوەشاوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە