حوکمی سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی پشتڕاست کرایەوە

هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

١ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٤:٠٤

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوە و حوکمەکەی نێردراوەتەوە بۆ دادگای شوێنی نیشتەجێبوونی ناوبراو واتە شاری شنۆ.
 
مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧١٩(١٨ی ژانویە ٢٠٢٠) حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووهەم  بە تۆمەتی “بەغی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە هەمان ڕۆژ بە  فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.
 

مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٢ ساڵ خەڵکی ئاوایی “ئەڵکاوێ” سەر بەشاری شنۆ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (٤ی نۆڤەمبری ٢٠١٧) لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزەکانی پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەسترێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە مانگی گەلاوێژی ٢٧١٨ (ئاگۆستی ٢٠١٨)  بۆ جاری یەکم لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشەوە بە تۆمەتی هاوکاوی و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو

مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە  و باوکی منداڵێکی کەم ئەندامە و ١٠ ساڵ پێشیش هەر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە