حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کرا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە ڕاگیراوە، لەلایەن دیوانی .

١٧ ڕەزبەر ٢٧١٨، ١٨:١٦

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە ڕاگیراوە، لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ / ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ  لەلایەن لقی ٤٧ی دادگای بەرزی وڵاتەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوونی گوندی قەرەسەقەل کە لەنێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو حوکمە ڕۆژی پێنج شەممە (٢٨ی بەفرانباری ٢٧١٧ / ١٨ی ژانویەی ٢٠١٨) لەلایەن هەمان دادگاوە وەک خۆی پشطڕاست کرایەوە.

شەش کەسی دیکەش لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو کەیەسەدا حوکم درابوون کە حوکمی ئەوانیش وەک خۆی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پەسەند کراوەتەوە.

بە پێی ئەو حوکمە حاسڵ عەزیزی حوکمی ٢٥ ساڵ بەندکران، محەمەد تاهیر فەرامەرزی حوکمی ٢٠ ساڵ بەندکران، یەعقووب بائەکرەم حوکمی ١٥ ساڵ بەندکران، جەلال مەسرووری حوکمی ١٥ ساڵ بەندکران ، کەماڵ مەسرووری حوکمی ١١ ساڵ بەندکران و سدیق بائەکرەم حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو حەوت کەسە لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٧ی هاوڕێ لەگەڵ چەندین کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کرابوون.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور خێزاندار و باوکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەنە بەناوەکانی کوردستان و سیروان.

فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، برای هیدایەتی، ڕۆژی شەممە (٩ی پووشپەڕێ ٢٧١٨ / ٣٠ی ژوئەنی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەر و پاش نزیکەی ٣ مانگ سەرئەنجام ڕۆژی یەکشەممە (٢٥ی خەرمانانی ٢٧١٨ / ١٦ی سێپتامبری ٢٠١٨) بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

لەلایەکی دیکەوە،  دایە "مەرجان بێهرووزی" دایکی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە و فەرهاد عەبدوڵاپوور ڕۆژی دووشەمە ١١ی پووشپەڕ لەبەر دەم فەرمانداری بەنزینی بەخۆدا رشت و هەوڵی خۆسووتاندنی دا، کە بەهۆی فریاکەوتنی خەڵکەوە لە مەرگ رزگاری بوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لەماوەی نزیکەی سێ ساڵدا زیاتر لە ٩٠ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە