حوکمی سێدارەی ژنێکی کورد لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ کرا

هەنگاو: ژنێکی خەڵکی شاری قوروە کە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، سزاکەی لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ کرا.

٦ بەفرانبار ٢٧٢٠، ٢٣:٥٠

 

هەنگاو: ژنێکی خەڵکی شاری قوروە کە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، سزاکەی لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ کرا.


بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٢٧ی دێسامبری ٢٠٢٠)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی قوروە بە ناوی ”زەینەب خودامورادی“ ٤٢ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنه جێبەجێ کراوە.


ناوبراو کۆتایی مانگی ڕەزبەریش بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزا سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی شاری سنە کرابوو، بەڵام مۆڵەتیان پێتدابوو کە بڕی ٧٠٠ میلیۆن تمەن دابین بکات هەتا لەسێدارەی نەدەن.


زەینەب خودامورادی ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧١٥ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠١٥) بە تۆمەتی کوشتنی کۆرپە ١٢ ڕۆژەکەی خۆی بە ناوی ”محەمەد جواد“ و کچە تەمەن ٧ ساڵانەکەی هاوژینەکەی بە ناوی ”حەدیس“ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتەوە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە زەینەب کاتێک دوو گیان بووە و ئەو ماوەیەش کە لە نەخۆشخانە بووە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بەرەوڕووی کەمتەرخەمی بووەتەوە و ئیزنی نەداوە کە ئەندامانی بنەماڵەکەی سەردانی بکەن و هەر بۆیە زەینەب لەکاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دۆخی دەرونی ناجێگیر بووە و تووشی خەمۆکی بووە.


زەینەب خودامورادی پێش ئەوەی ئەو دوو منداڵە بکوژێت لە سەر لاقی خۆی نوسیبووی ” من خۆم و منداڵەکانم کوشت هەتا لە دەستی داوود (هاوژین)، سارا (دش) و خەسووم ڕزگارمان بێت“، بەڵام دوای کوشتنی دوو منداڵەکە بە هەر هۆکارێک بووە خۆی نەکوشتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە