حوکمی پەڕاندنی قامکی سێ بەندکراو پەسەند کرا و یەکێکیان هەوڵی خۆکوشتنی دا

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی خوڕەمئاوا کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە بە تۆمەتی دزی حوکمی پەڕاندنی چوار قامکی دەستی بەسەرد

٤ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٠:٣١


هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی خوڕەمئاوا کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە بە تۆمەتی دزی حوکمی پەڕاندنی چوار قامکی دەستی بەسەردا سەپاوە و هەوڵی خۆکوشتنی داوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی ڕاگیراو لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە ناوی ”هادی ڕوستەمی“ شادەماری خۆی لێداوە و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گوازراوەتەوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە دوای ئەوەی کە حوکمی پەڕاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی لەلایەن لقی ١٣ی دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشڕاست و بە مەبەستی جێبەجێ کردن بە بەندیخانە ڕاگەیەندراوە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە.


هادی ڕوستەمی لەگەڵ دوو کەسی دیکەی خەڵکی لوڕستان بە ناوەکانی ”مێهدی شاهیوەند“ و ”مێهدی شەریفیان“ ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی (٢٠١٥) لەلایەن ئیدارەی ئاگای ئورمیە دەستبەسەر و پاش چوار ساڵ ڕاگیران لە بەندیخانەی ئورمیە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی پارێزگای ئورمیە حوکمی پەڕاندنی چوار قامکی دەستیان بەسەردا سەپا.


بەپێی ماددەی ٢٧٨ی یاسای سزا ئیسلامییەکان ئەو چوار کەسە ”بە تۆمەتی چوار حاڵەتی دزی حوکمی پەڕاندنی جوار قامکی دەستی ڕاستیان بە سەردا سەپا“ و بە پێی ماددەی ٦٧٧ ی هەمان یاسا ”دەبێ ئەو شت و مەکانە بگەڕێننەوە“.


هەنگاو لە ڕێگای سەرچاوەکانی خۆیەوە ئاگادار بووەتەوە کە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی ئەو سێ بەندکراوە لەلایەن لقی ١٣ی دیوانی بەرزی وڵاتەوە وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوە.

سەپاندن حوکمی بڕینی دەست و جێبەجێ کردنی لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بەردەوام لەلایەن ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ وەکوو سزایەکی بێ بەزەییانە و نامرۆڤانە مەحکووم کراوە و کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان بە ئاشکرا کەڵک وەرگرتن لەو سزایە قەدەغە کردووە.
 
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە