حەسەن جووجە گەڵوانی لە بەندیخانەی ئەردەبیل لەمافی مرەخەسی بێ بەشە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات، لەمافی مرەخەسی و مافی گواستنەوە ب

١٠ ڕەزبەر ٢٧٢١، ٢١:٠٢

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات، لەمافی مرەخەسی و مافی گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بێبەشە و لە دۆخێکی دەروونی نالەباردا ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حەسەن جووجە گەڵوانی بەندکراوی سیاسی تەمەن ٤٣ ساڵی خەڵکی پیرانشار کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل ڕاگیراوە، سەرەڕای تێپەڕاندنی سێ ساڵ و ٦ مانگ لە ماوەی سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی لە مافی مرەخەسی بێبەشە و بە پێی یڕیار دادگاش ئازادی مەرجداریش نایگرێتەوە.

 بە وتەی سەرچاوەیەکەی ئاگادار لە بەندیخانەی ئەردەبیل، ئەم بەندکراوە سیاسییە ددانەکانی خراپ بوون بە جۆرێک کە بە هۆی زۆری ئازاری دادان ناتوانێت نان بخوات. بەم حاڵەشەوە و سەرباری ڕەزامەندی پزیشکەکانی بەندیخانە، بەرپرسانی بەندیخانەی ئەردەبیل ئیزن نادەن کە ناوبراو بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بگوازرێتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە.

حەسەن جووجە گەڵوانی، خەڵکی پیرانشار و ئەندامی سوپای پاسداران و فەرماندەی پایەگایەکی سوپا لە سەرسنوور بووە. ناوبراو رۆژی شەممە ٢٩ ی بانەمەڕی ٩٧ (١٩ مەی ٢٠١٨)، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیەوە دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو دواتر لە لایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی" سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" حوکمی ٥ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ئەردەبیلی بە سەردا سەپا و ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە بووە و لە کاتی دانیشتنی دادگا مافی وەرگرتنی پارێزەری نەبووە.

حەسەن جووجە گەڵوانی، دواجار مانگی خەرمانانی ٢٧١٨ (سێپتامبری ٢٠١٨)، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل و تا ئێستا لە مافی مرەخەسی بێ بەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە