حەوت کەس لە دەستبەسەرکراوانی بانە بە بارمتە ئازاد کران

هەنگاو: دوای نزیکەی دوو مانگ لە دەستبەسەر کرانی ١٩ هاووڵاتیی خەڵکی بانە، ٧ کەسیان بە بارمتە ئازاد کران.

١٢ بەفرانبار ٢٧٢١، ٢٠:٤٤

 

هەنگاو: دوای نزیکەی دوو مانگ لە دەستبەسەر کرانی ١٩ هاووڵاتیی خەڵکی بانە، ٧ کەسیان بە بارمتە ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٢ی ژانویەی ٢٠٢٢)، حەوت کەس لە دەستبەسەر کراوانی مانگی خەزەڵوەری شاری بانە بە ناوەکانی وەفا پزشکی، لوقمان پزشکی، فەرهاد پزشکی، ئەحمەد پزشکی، کامران پزشكی، کەریم فرووزش و عوسمان محەمەدپوور هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم حەوت هاووڵاتییە لەو ماوەیەی کە دەستبەسەر بوون لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بوون و هەر کامەیان تەنیا یەکجار پەیوەندی تەلەفوونییان بە ماڵەوە گرتووە.

جێگای ئاماژەیە کە ناوەندە ئەمنییەکان ئەم حەوت کەسەیان بە هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت تۆمەتبار کردووە.

ئەم حەوت هاووڵاتییە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١١ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) لەلاین هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری سنە گوازرانەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە