حەیدەر قوربانی لە چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکی بێبەش کرا

هەنگاو: حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کورد کە لەم دواییانەدا حوکمی سێدارەکەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتە

٤ خەرمانان ٢٧٢٠، ٠٩:٤٦

 

هەنگاو: حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کورد کە لەم دواییانەدا حوکمی سێدارەکەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکی بێبەش کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، بنەماڵەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە لە شاری کامێرانەوە بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو چوون بۆ شاری سنە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی سنە مافی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ حەیدەر قربانی پێیان نەداوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ئەوەی کە بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنی چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە نەداوە، بەرپرسی حیراسەتی بەندیخانە حەیدەر قوربانی بانگ کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە بە هۆی ئەوەی پشتڕاستکردنەوەی حوکمی سێدارەی ناوبراو لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە لە ناو میدیاکان دەنگدانەوەی هەبووە، هەتا کاتێکی نادیار مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەت پێندرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کراوە و پارێزەرەکانی ئەو حوکمەیان بە بنەماڵەی ڕاگەیاندووە.

حەیدەر قوربانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەری “سەعیدی” بە تۆمەتی "بەغی" و “هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو حوکمە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (٢٨ی ژوئیەی ٢٠٢٠) لە ناو بەندیخانەی سنە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە