خۆکوشتن یەکێک لە دەستبەسەرکران و بریندارانی خۆپیشاندانەکانی پاییزی ٢٠١٩ ی کرماشان

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان کە لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٢٠١٩ بریندار و دەستبەسەر کرابوو، سەرەتای بەهاری ئەمساڵ بە هۆی کێشەی

١٧ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٢:٥٣

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان کە لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٢٠١٩ بریندار و دەستبەسەر کرابوو، سەرەتای بەهاری ئەمساڵ بە هۆی کێشەی دەروونی کە دوای کوێر بوون تووشی بوو، خۆی کوشتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە خۆپیشاندانەکانی پاییزی ٢٧١٩ (٢٠١٩) ی شاریی کرماشان لاوێکی ٢٨ ساڵە بە ناوی موحسین مەحموودی کریانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەر دوو چاوی پێکراوە و دواتر دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مەحموودی کریانی، موحسین ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢١٩) ١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) لە گۆڕەپانی «گەراژ» ی کرماشان بە گوللەی ساچمەیی هەر دوو چاوی پێکراوە و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو دواتر بەهۆی بێبەش بوون لە خزمەتگوزاری پزیشکی و درەنگ ڕەوانە کردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا، هەر دوو چاوی خۆی لە دەست دەدات.»

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا بە هەنگاوی وت: «ناوەندە ئەمنییەکان دوای ئازادی موحسین بەڵێنییان بە بنەماڵەکەی داوە کە ئەگەر میدیایی نەکەنەوە ئەوا دیەیان پێ دەدەن و بەڵام دوای ١٨ مانگ هیچ هاوکارییەکی ئەو بنەماڵەیان نەکرد و دواجار موحسین مەحموودی کریانی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (٥ی مەی ٢٠٢١) بە هۆی کێشەی ئابووری و کێشەی دەروونی کە دوای کوێربوونی تووشی بووە، خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەنگاو زانیویەتی کە ناوەندە ئەمنییەکان و ئەندامانی شوورای گوندی کریان سەر بە بەخشی سەرفیروز ئابادی کرماشان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی مەحموودی کریانی و تەنانەت ئیزنیان نەداوە کە هەواڵی خۆکوشتنەکەشی میدیایی بکرێتەوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لە خۆپیشاندانەکانی پاییزی ٢٧١٩ لانی کەم ٣٢ هاووڵاتی لە پارێزگای کرماشان کوژراون کە ناسنامەی ٢٢ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.
هەروەها یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی خەزەڵوەری کرماشان بە ناوی ڕەزا ئومیدی یاریجانی ٢٢ ساڵە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەشممەی ٢٧١٩لە بەندیخانەی دێزڵ ئاوای کرماشان خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە