خۆکوشتنی دوو ژنی ٥٠ ساڵە لە کامێران و مەهاباد

هەنگاو: دوو ژنی خەڵکی شارەکانی کامێران و مەهاباد بە هۆی کێشەی خێزانییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

١٦ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٠٧:١٠


هەنگاو: دوو ژنی خەڵکی شارەکانی کامێران و مەهاباد بە هۆی کێشەی خێزانییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٥ی مەی ٢٠٢٠)، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵی خەڵکی کامیاران کە ماوەیەک پێش ئێستا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، بە هۆی قووڵی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە گیانی لە دەست دا.


ئەو ژنە بە ناوی ”لقاح قادری“ خەڵکی گوندی ”دەژن“ی سەر بە کامێران بووە و ڕۆژی پێنج شەممە ١١ی بانەمەڕ بە هۆی کێشەی خێزانی و خەمۆکییەوە خۆی سووتاندبوو و دواجار ئەمڕۆ و پاش ٦ شەش ڕۆژ گیانی لە دەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینی ١٢ی بانەمەڕ (١١ی مەی)، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵی خەڵکی گوندی خانکەندی ناوچی چۆمی مەجید خانی مەهاباد، بە ناوی ”پەروین فەرتووت“ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەروین فەرتووت بە هۆی کێشەی خێزانی و لەڕێگای خۆهەڵواسینەوە خۆی کوشتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە