خۆکوشتنی سێ کەس لە ئیلام، کامیاران و بۆکان و کوژرانی ژنێک لە سەقز

هەنگاو: لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ژنێکی خەڵکی سەقز بە دەستی هاوژینەکەی کوژرا و سێ کەسیش لە شارەکانی کامیاران، بۆکان و

١٨ بەفرانبار ٢٧١٩، ١١:١٦

 

هەنگاو: لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ژنێکی خەڵکی سەقز بە دەستی هاوژینەکەی کوژرا و سێ کەسیش لە شارەکانی کامیاران، بۆکان و ئیلام کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٧ی ژانویەی ٢٠٢٠)، ژنێکی لاوی خەڵکی ئیلام بە ناوی ”زەینەب ئیحسانی“ بە هۆی کێشەی خێزانی و لە ڕێگای خواردنی حەبی برنجەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەمان ڕۆژ، لاوێکی خەڵکی گوندی ”ئەڵک“ سەر بە شاری کامیاران بە ناوی ”عرفان فاتحی“ بە هۆکارێکی نادیار خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی بەفرانبار (٥ی ژانویە)، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی بۆکان بە ناوی ”دڵشاد پوور عەبدوڵڵاهی“ بە هۆی کێشەی خێزانی و کێشە لەگەڵ هاوژینەکەی خۆی هەڵواسیوە. ناوبراو دایکی دوو منداڵی کەم تەمەن بووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٧ی بەفرانبار (٢٨ی دێسامبری ٢٠١٩)، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی سەقز بە ناوی ”گەلاوێژ عەلی پوور“ لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە گەلاوێژ عەلی پووڕ فەرمانبەری ئیدارەی پەروەردە بووە و هاوژینەکەی دوای کوشتنی هەڵواسیوە هەتا وایبنوێنێت کە خۆی کوشتووە. شایەتحاڵان لێدان و کوتان و شینبوونەوەی جەستەی ئەو ژنەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە