خۆکوشتنی پێنج ژن لە کوردستان، کچێکی ١٧ ساڵە بە هۆی بەشوودانی زۆرەملی خۆی کوشتووە

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم پێنج ژن لە چەندین شاری کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

١٢ جۆزەردان ٢٧١٩، ١١:٢٩

 

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم پێنج ژن لە چەندین شاری کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی شەممە (١١ی جۆزەردانی ٢٠١٩ / ١ی ژوئەنی ٢٠١٩)، ژنێکی لاوی خەڵکی ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوی ”مەهین محەمەدی“ بە هۆی کێشەی خێزانییەوە و لە ڕێگای خواردنی حەبی برنجەوە خۆی کوشتووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینی (١٠ی جۆزەردان / ٣١ی مەی)، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی گوندی پەسوێی پیرانشار بە ناوی ”سارا ئیسماعیلی“ بە هۆی ئەوەی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ناچار کراوە شوو بە خزمێکی خۆیان لە سەردەشت بکات، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەمان ڕۆژ لە شاری کرماشان بە ناوی ”گولپەری ئەمیری“ بە هۆی دەمەقاڵە لە گەڵ هاوژینەکەی خۆی هەڵواسیوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردووش ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی ئورمیە بە ناوی ”کەژاڵ مەحموودی“ خۆی کوشتووە.

لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ئورمیەش، ژنێکی ٢٠ سالە بە ناوی ”کوبرا ئەسەدی“ بە هۆی کێشە لەگەڵ خێزانەکەی  ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە