دادگای پێداچوونەوە حوکمی بەندکرانی شەهرام کازمیانی بۆ ٦ ساڵ زیاد کرد

هەنگاو: حوکمی پێنج سال بەندکرانی شەهرام کازمیان هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە زیاد کرا.

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١٠:٢٢


هەنگاو: حوکمی پێنج سال بەندکرانی شەهرام کازمیان هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە زیاد کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی شەهرام کازمیان، لەلایەن یەکێک لقەکانی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە بۆ ٦ ساڵ زیاد کراوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەهرام کازمیان تانەی لەو بڕیارە داوە و داوای پێداچوونەوەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە کردووەتەوە.

شەهرام کازمیان ڕۆژی دووشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٦ی ژانویەی ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و پاش٢٦ ڕۆژ ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە دادگایی و دواتر بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە.

ناوبراو دواجار ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٢ی مارسی ٢٠٢٠)، شەهرام کازمیان، چالاکی مەدەنی خەڵکی ئورمیە لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”عەلی شەیخلوو“ حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.


ئەو حوکمە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت بە سەر شەهرام کازمیان سەپێندراوە و ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەشەممە (١٠ مارس) لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیەوە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە