دادگای ئینقلابی سەقز حوکمی بۆ ٦ چالاکی کورد دەرکرد

هەنگاو: دادگای ئینقلابی شاری سەقز حوکمی بۆ ٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شاره دەرکرد، کە بەو پێیه ٢ کەسیان حوکمی بەندکران و ٤ کەسیشیان لە تۆمەتەکان بێبەری کران.

١٠ بانەمەڕ ٢٧١٨، ٢٠:٤٤

 

هەنگاو: دادگای ئینقلابی شاری سەقز حوکمی بۆ ٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شاره دەرکرد، کە بەو پێیه ٢ کەسیان حوکمی بەندکران و ٤ کەسیشیان لە تۆمەتەکان بێبەری کران.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، رۆژی دووشەمە (١٠ی بانەمەڕی ٢٧١٨ / ٣٠ ئاوریلی ٢٠١٨)، دوو هاووڵاتیی کورد به ناوی شەهرام و نادر مەجیدیان هەرکامەیان لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە حوکمی ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

هەروەها بەپێی حوکمی دادگا چوار کەسی دیکە بەناوەکانی (فاتح دونداری، بێهرووز ریشه‌ساحێب، محەمەد شەمسی و سامان پاشایی) لە تۆمەتەکانیان بێبەری کران.

ئەو ٦ کەسە لەلایەن ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە بە "ئەندامەتی لە هێزە دژبەرەکان و چالاکی تەبلیغی بۆ ئەو هێزانە" تۆمەتبار کرابوون.

ئەوان رێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٦ بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی پێشووی دەستبەسەرکرانیان لە دادگای ئینقلاب ئامادە ببوون.

“رێکخراوی  دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان” وێڕای بلاوکردنەوەی ئەم هەواڵە نووسیویەتی، شەهرام و نادر مەجیدیان لە کاتێکدا حوکمی ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە کە رێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ساڵی رابردوو لە تۆمەتەکانیان بێبەری کرابوون.

نادر مەجیدیان رۆژنامەنووس و خاون ئیمتیازی ئاژانسی هەواڵدەریی "داهاتوو"یە کە لە دوو ساڵ پێش ئێستاوە بە بڕیاری ئیتلاعات داخراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە