دادگایەکی ئورمیە حوکمی پەڕاندنی قامکی دەستی چوار تۆمەتباری دیکەی دەرکرد

هەنگاو: چوار تۆمەتباری خەڵکی شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و ئورمیە لەلایەن دادگای منداڵان و مێرمنداڵانی ئورمیەوە حوکمی پەڕاندنی قامکی دەستیان ب

١٥ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٧:١٦

 

هەنگاو: چوار تۆمەتباری خەڵکی شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و ئورمیە لەلایەن دادگای منداڵان و مێرمنداڵانی ئورمیەوە حوکمی پەڕاندنی قامکی دەستیان بە سەردا سەپاوە کە حوکمی دوو کەسیان لە لایەن دیوانی بەرزی وڵاتیشەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی پەڕاندنی قامکی دەستی ڕاستی دوو بەندکراوی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و دانیشتووی کەرەج بە ناوەکانی ”مێهرداد تەیمووری“ ٣٠ ساڵە و ”شەهاب تەیمووری“ ٣٥ ساڵە لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

 

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی ”ئیرەج خەتیبی“  ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٨ (٦ی دێسامبری ٢٠١٨) بە تۆمەتی دزی لە شارۆچکەی مەلارد سەر بە پارێزگای کەرەج دەستبەسەر و مانگی گەلاوێژی ساڵی ٢٧١٩ (ئاگۆستی ٢٠١٩) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی یەکی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی ئورمیە بە تۆمەتی دزی کردن حوکمی پەڕاندنی ٤ قامکی دەستی ڕاستیان بە سەردا سەپا.

 

مانگی خاکەلیوەی ئەمساڵ لقی ٢٤ی دیوانی بەرزی وڵات حوکمی پەڕاندنی چوار قامکی دەستی مێهرداد تەیمووری و شەهاب تەیمووری وەک خۆی پەسەند کرد و حوکمی ئیرەج خەتیبی شیاوی سزای حەد نەزانراوە و حوکمەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە.


لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی “ئارەش عەلی ئەکبەری” بە تۆمەتی دزی لەلایەن لقی دووهەمی دادگای تاوانەکانی یەکی ئورمیە حوکمی پەڕاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی بە سەردا سەپاوە.


ئارەش عەلی ئەکبەری تەمەن ٣٢ ساڵ و باوکی منداڵێکە کە مانگی خەرمانانی ساڵی ٢٧١٩ (سێپتامبری ٢٠١٩) بە تۆمەتی دزی لە ئورمیە دەستبەسەر و مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ (ئاگوستی ٢٠٢٠) حوکمی پەڕاندنی ٤ قامکی دەستی ڕاستی بە سەردا سەپاوە.


ئەو تۆمەتبارە لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و دوای سەپاندنی حوکمەکە و تانەی ناوبراو، دۆسیەکەی بۆ دیوانی بەرزی وڵات بەڕێکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە