داواکاری گشتی مەهاباد لە وڵامی دایکی بەندکراوێکی سیاسی: بڕۆ دۆعا بکە کە کوڕەکەت لەسێدارە نەدراوە

هەنگاو: داواکاری گشتی مەهاباد وێڕای دژایەتی کردن لەگەڵ ئازادی بە مەرج و هەروەها مافی پێدانی مرەخەسی بە قادر محەمەدزاده بەندکراوی سیاسی کورد کە ١٦ ساڵە بێ مافی

١٤ سەرماوەز ٢٧٢١، ١٩:٥٩

 

هەنگاو: داواکاری گشتی مەهاباد وێڕای دژایەتی کردن لەگەڵ ئازادی بە مەرج و هەروەها مافی پێدانی مرەخەسی بە قادر محەمەدزاده بەندکراوی سیاسی کورد کە ١٦ ساڵە بێ مافی مرەخەسی لە بەندیخانەیە، بە دایکی وتووە: “بڕۆ دۆعا بکە کە کوڕەکەت لەسێدارە نەدراوە”.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دایە فاتمە محەمەدی مەرام تەمەن ٩٥ ساڵ و دایکی قادر محەمەدزاده، بەندکراوی سیاسی بۆکان بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی داواکاری گشتی مەهاباد بە مەبەستی پێدانی مافی مرەخەسی بە کوڕەکە سەردانی ناوبراوی کردووە،کە جارێکی دیکە داوای ئەم دایکە بەساڵاچووە ڕەدکراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەنگاوی وت: “پورئەکبەر، داواکارئی گشتی مەهاباد لە وڵامی داواکاری دایە فاتمە بۆ پێدانی مرەخەسی قادر، بە ناوبراوی وتووە کە قادر هیچ کات مافی مرەخەسی پێ نادرێت و دەبێ هەتا کۆتایی سزاکەی کە ٢٠ ساڵ بەندکرانە لە بەنەیخانە بمێنێتەوە”.

داواکاری گشتی مەهاباد لە درێژەدا بە دایە فاتمی وتیت: “بڕۆ دۆعا بکە کە قادر لەسێدارە نەدراوە، کوڕی ئێوە موحاریبە و دەبێ تاوانەکەسی بدات”.

قادر محەمەدزاده پێشتر بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پشتگوێ خرانی داوای مرەخەسی بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد مانی لەخوارد گرتبوو.

قادر محەمەدزاده ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٠٥ (١١ی دێسامبری ٢٠٠٥) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوای چەند مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای ١٥ مانگ لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی موحاربە لەڕێگای ئەندامەتی لە کۆمەڵە سزای سێدارەی بە سەردا سەپا کە ئەو ئەو سزایە لەلایەن دادگای پیداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گۆڕدرا.

قادر محەمەدزاده ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ (٧ی ئاوریلی ٢٠١٩) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ بەندیخانەی مەهاباد بەڕێکراو و هەر ئەو ڕۆژە بۆ بەندیخانەی یەزد دوور خرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە