داواکاری گشتی ئورمیە بۆ ژنی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور: لە گۆڕستان بەدوایدا بگەڕێن

هەنگاو: چارەنووسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور پاش چەند ڕۆژ لە ڕاگواستن بۆ شوێنێکی نادیار و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هەروا ناڕوون ماوەتەوە.

٢٣ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١٢:١٩


هەنگاو: چارەنووسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور پاش چەند ڕۆژ لە ڕاگواستن بۆ شوێنێکی نادیار و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هەروا ناڕوون ماوەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٢ی مەی) بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی هیدایەت سەردانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەیان کردووە.


بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە لە وەڵامدا بە بنەماڵەی عەبدوڵڵاپووریان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بردراوەتە دەرەوەی بەندیخانە و بۆ بەداداچوون لە چارەنووسی دەبێ سەردانی بەشی بەڕێوەبەریی حوکمەکان بکەن.


سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەبدوڵڵاپوور لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە سەردانی دادگای شۆڕشی ئورمیەیان کردووە، داواکاری گشتی ئورمیە لەوێ نەبووە و جێگرەکەی بە شێوەیەکی ناشایست و بێڕێزانە بە هاوژینی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری ڕاگەیاندووە: “مادام کە ئیدارەی ئیتلاعات وەڵامتان ناداتەوە، کەواتە بڕۆن لە گۆڕستان بەدوایدا بگەڕێن.”


ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٩ی مەی ٢٠٢٠)، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە و پاش چوار ڕۆژ هێشتا چارەنووسی نادیارە.


هەمان ڕۆژ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەیاننامەیەکی ڕوو لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی ئەو بوارە بڵاو کردەوە و داوای کرد کە بە نیسبەت ڕاگواستنی لەناکاوی ئەو بەندکراوە سیاسیە بێنە دەنگ.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦) هاوڕێ لەگەڵ دەیان کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای نزیک بە سێ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمە و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرابوویەوە.

ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٦ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوونی گوندی قەرەسەقەل کە لەنێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ ( ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی ٤٧ی دادگای بەرزی وڵاتەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.


هیدایەت عەبدوڵڵاپوور خێزاندار و باوکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەنە بەناوەکانی کوردستان و سیروان.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە