داواکاری گشتیی بۆکان ڕێگا نادا فاتمە دادوەند بە پـێوەنەوە ئازاد بکرێ

هەنگاو: سەرەڕای ڕەزامەندیی بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە، داواکاری گشتیی بۆکان ڕێگا نادات فاتمە دادوەند بە پێوەنەوە ئازاد بکرێ.

٢ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٧:١٥

 

هەنگاو: سەرەڕای ڕەزامەندیی بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە، داواکاری گشتیی بۆکان ڕێگا نادات فاتمە دادوەند بە پێوەنەوە ئازاد بکرێ.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا داواکاری گشتیی بۆکان ڕێگای نەداوە فاتمە دادوەند کە لە دەستبەسەرکراوانی خەزەڵوەی ساڵی ٢٧١٩یە، بۆ تێپەڕاندنی باقیی سزاکەی بە پێوەنەوە لە بەندیخانە ئازاد بکرێ.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ”دژایەتیی داواکاری گشتی بۆکان لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، ڕەزامەندییان لەسەر ئەم بابەتە دەربڕیوە بەڵام داواکاری گشتیی بۆکان وتوویەتی هێشتا کاتی ئازادیی ئەو نەهاتووە.“

فاتیمە داوەند تەمەن ٤٢ ساڵ و دایکی سێ منداڵ، رۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٩( ١٦ی نوامبێری ٢٠١٩) لە کاتێکدا کە بریندار بووبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازرایەوە و پاش ٣٠ ڕۆژ گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

ناوبراو هاوکات لە گەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا پاش جوار مانگ بەندکران بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شیوەی کاتی و تا کاتی دادگاییکرانی ئازاد کرابوو.


فاتیمە داوەند ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری بۆکان دادگایی و بە تۆمەتی ”شیواندنی تەکووزی و ئاسایشی کۆمەڵگا“ سزای پێنج مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ قامچی بە سەردا سەپاوە.

ناوبراو هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر ”جەواد گوڵامی“ جارێکی دیکە دادگایی کراوە و بە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی ولات“ سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

فاتمە داوەند دواجار ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) بە مەبەستی تێپەڕاندندنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ناساند


هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە فاتیمە داوەند پێشتر ماوەی ٤ مانگ دەستبەسەر بووە، بەڵام دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو ماوەیە بۆ هەژمار نەکردووە. ناوبراو لەو ڕووەوە کە تەسلیمی حوکمی دادوەر بووە، حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانەکەی بۆ سێ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران کەم کراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە