داواکاری گشتیی مەریوان تووشی پەتای کۆرۆنا بووە

هەنگاو: دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان چەندین بەرپرسی حکوومی تووشی ئەو پەتایە بوون کە حکوومەت دەیشارێتەوە.

١٩ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٣:٤١

 

هەنگاو: دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان چەندین بەرپرسی حکوومی تووشی ئەو پەتایە بوون کە حکوومەت دەیشارێتەوە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە یەکێک لە پێرسێنلی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی بوعەلی مەریوان بە هەنگاو گەیشتووە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندی بەرپرسی حکوومی لە شاری مەریوان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و ئێستا لە ماڵەکانی خۆیاندا قەرینە کراون و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان،

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، “عەلیزادە” داواکاری گشتی مەریوان، “سەجادی” سەرۆکی بانکی “میلەت”ی ئەو شارە و یەکێک لە فەرمانبەرە ژنەکانی ئەو بانکە تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لە ماڵەکانی خۆیان قەرەنتینە کراون. ناسنامەی ئەو ژنە فەرمانبەرە لای هەنگاو پارێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، کادری پزیشکی ڕۆژانە دووجار بە ئامبۆڵانسی ١١٥ دەڕۆنە ماڵی داواکاری گشتی مەریوان کە ئاخوندیکی خەڵکی شاری زەنجانە و چارەسەریی بۆ دەکەن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ژمارەی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا لە مەریوان زیاترە لەو ئامارەی کە حکوومەت بە فەرمی بڵاوی دەکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە هەنگاو گەیشتووە، خەڵکی مەریوان ئێستاش بە بێ دەمامەک و دەستەوانە سەردانی ئیدارە حکوومەتییەکان وەکوو دادگاکان دەکەن و ئەمش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو پەتایە زیاتر بڵاو ببێتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە