داوای ئازادی بەمەرجی ئاران تیباش ڕەدکرایەوە

هەنگاو: داواکاری ئازادی بەمەرجی بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراو لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە ڕەد کرایەوە.

٢٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ٠٩:٤١

 

هەنگاو: داواکاری ئازادی بەمەرجی بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراو لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە ڕەد کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لقی ٩ی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی دادگای شۆڕشی ئورمیە لەگەڵ داوای ئازادی بەمەرجی  بەندکراوی سیاسی کورد ئاران تیباش (مەجید) دژایەتی کردووە و داواکارییەکەی ڕەد کردووەتەوە. ئەو بەندکراوە سیاسییە ١٧ مانگ لە ماوەی ٤ ساڵەی ماوەی بەندکرانەکەی تێپەڕاندووە و لەو ماوەشدا لە مافی مرەخەسی بێبەش کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئاران تیباش  لە بەندیخانە تووشی نەخۆشی لیپۆم بووە و لە چەندین شوێنی لەشی گرێی چەوری دروست بووە و مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی خومەینی ئورمیە لە حاڵێکدا دەسبەند و پاوەنی لە دەست و پێ بووە نەشتەرگەری بۆ کرابوو.

ئاران تیباش کوری خالد و خەڵکی گوندی دەزەی مرگەوەر، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧١٨ ( ١٦ی دسامبری ٢٠١٨) دوای بانگ کران بۆ ناوەندی هەواڵی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و دوای ٢٠ ڕۆژ بە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو دواجار کۆتایی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧١٧، لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفی، بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ئەو حوکمە دواتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی ئورمیەوە بۆ ٤ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٢٧١٩ ( ٨ی ژوئیەی ٢٠١٩)، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٤ ساڵ حوکمەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.


ئەو بەندکراوە سیاسیە پیشتر لەلایەن حیراسەتی زانکۆی ئیلمی کاربوردی ئورمیە لە مافی خوێندن بێبەش کرابوو و ٦ ساڵ پێشیش جارێکی دیکە دەستبەسەر کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە