داوای ئازادی مەرجداری عوسمان مستەفاپوور دوای ٢٨ ساڵ بەندکران ڕەد کرایەوە

هەنگاو: داوای ئازادی مەرجداری عوسمان مستەفاپوور بەندکراوی سیاسی کورد کە نزیکەی سێ دەیەیە لە بەندیخانە ڕاگیراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە ڕەد کرایەوە.

١٥ خەزەڵوەر ٢٧١٨، ٢٢:٤٨

 

هەنگاو: داوای ئازادی مەرجداری عوسمان مستەفاپوور بەندکراوی سیاسی کورد کە نزیکەی سێ دەیەیە لە بەندیخانە ڕاگیراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە ڕەد کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عوسمان مستەفاپوور بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، دوای ئەوەی کە لەسەر پێشنیاری داواکاری گشی داوای ئازادی مەرجدرای کردبوو، داوای ئەو بەندکراوە سیاسیە دوای ٢٨ ساڵ بەندکران لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە ڕەد کراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو بەندیخانەی ئورمیەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە ڕؤژی سێشەممە (١٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ / ٦ی نۆڤەمبری ٢٠١٨) بە شێوەی فەرمی بە عوسمان مستەفاپووڕ ڕاگەیەندراوە کە داواکەی ڕەد کراوەتەوە.

عوسمان مستەفاپوور ساڵی ۱۳٤٦ی هەتاوی لە شاری پیرانشار  لە دایکبووە و ۲۳ی پووشپەڕی ۱۳۷٠ دەستبەسەر و دادگایی کرا.

ئەو بەندکراوە کوردە کە بە پێشینەترین بەندکراوی سیاسی لە ئێران و کوردستان ئەژمار دەکرێ، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئورمیەوە بە بڕیاری دادوەر جەوادی و بە تۆمەتی بەشداری کردن لە کوشتنی پاسداردا بە سێدارە حوکم درا و دواتر ساڵی ۱۳۷۹ حوکمەکە بۆ ۱٠ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

ساڵی ۱۳۷٠ لە دۆسیەی دووهەمدا و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران  ۲٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

عوسمان مستەفاپوور کە سەرجەم حوکمی ٣٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە ئێستا ماوەی ٢٨ ساڵە کە بە بێ هەبوونی یەک ڕۆژ مرەخەسی لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە